د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ هێرشه‌كانی داعش

په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق رایگه‌یاند: مسته‌فا كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ كه‌ عێراق له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ كۆنترۆڵ بكات.

له‌میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی رۆژەڤی کـوردسـتان، د. شـاخەوان عـەبدولـڵا ـ ئەندامی خولی پێشـووی پـەرلەمانی عـێـراق سه‌باره‌ت به‌ پرسی عـێـراق و هەڕەشەی میلیشیاکان و هەڵبژاردنی داهاتـوو  رایگه‌یاند: هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر هه‌ولێر له‌ ڕێی مووشه‌ك و درون هه‌ره‌شه‌یه‌كی جدیه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌یان بۆ دا هه‌رچه‌ند ئه‌وان زیاتر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، به‌ڵام ئه‌و هێرشانه‌ له‌ هێرشه‌كانی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان و داعش كه‌متر نییه‌.

د. شـاخەوان عـەبدولـڵا  روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ بوونی میلیشیاكان مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، ئه‌و هێزه‌ تووشی غروری بووه‌ و خۆیان به‌ حكومه‌تێكی سێبه‌ر ده‌بینن، ده‌یانه‌وێت ئه‌جیندای خۆیان بهێننه‌ دی كه‌ ئه‌وه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌.

ئاماژه‌شیدا كه‌ عێراق ئێستا ناوی به‌ نا ده‌وڵه‌ت ناوده‌بردرێت، ئه‌و گروپانه‌ نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی میلیشیاكان  د. شـاخەوان عـەبدولـڵا  رایگه‌یاند: ئه‌و چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی‌ زیاتر ده‌نگ به‌و حزبانه‌ ده‌ده‌ن و پاڵپشتی حزبه‌كانیش ده‌كه‌ن ، كه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر زیان به‌ پرۆسه‌ی سیاسی ده‌دات، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هێزی تشرینیه‌كان و خۆیشانده‌ران  ئه‌و هێزه‌ ، پێچه‌وانه‌ی حه‌شده‌كانن ، كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ شوێنی دیكه‌ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق پشتیوانی ده‌كرێن .

بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ مسته‌فا كازمی له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا كۆببێته‌وه‌ بۆ جاری چواره‌م ، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌بێت .
 
گوتیشی: مسته‌فا كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ كه‌ عێراق له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ كۆنترۆڵ بكات، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن پارتێك و هێزێكی گه‌وره‌ی چه‌كدار نییه‌، مسته‌فا كازمی نه‌یتوانی متمانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها متمانه‌ی شه‌قامی عێراقیش ده‌سته‌به‌ر بكات .

د. شـاخەوان عـەبدولـڵا نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ، له‌ قسه‌كانی وای ده‌رخست كه‌ متمانه‌یان نییه‌ كه‌ له‌ ژێر بوونی میلیشیا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت ، هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بێت .

ئاماژی به‌وه‌شكرد سه‌درییه‌كان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ دژی نه‌مانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ عێڕاق، وه‌كو میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ نه‌مانی ده‌ستێوه‌ردانی ئێران و ئه‌مه‌ریكایه‌ ، نه‌ك لایه‌نێك، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ سوننه‌كانیش پشتیوانی موقته‌دا سه‌درو سه‌دریه‌كان بكه‌ن .

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی كه‌ركووك و ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ بوونیان هه‌یه‌ ، د. شاخه‌وان  عه‌بدولڵا رایگه‌یاند: كورد ئه‌گه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بێت ئه‌وا فشاری مه‌ده‌نی زۆر گه‌وره‌ ده‌توانێت بكات به‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌ .

دارشتنی: سوهێل تاهیر عه‌بدولڵا