كازمی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌دری‌ راگه‌یاند

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ بازاڕی‌ ئه‌لوه‌حیلاتی‌ مه‌دینه‌سه‌دری‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ راگه‌یاند.

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 2021/7/24 مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی بازاڕی وەحیلاتی ناوچەی سەدریان له‌ شاری به‌غدا ده‌ستگیركران، رایگه‌یاند.

مسته‌فا كازمی له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، فرمێسك و ژانە دڵی خێزانی شەهیدانی شارۆچكەی سەدر رێنیشاندەرمان بوون بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە ترسنۆكانەی كە پلانداڕێژەر و جێبەجێكەری هێرشە تیرۆریستییەكەی "بازاڕی الوحیلات" بوون. سەرجەمیان ڕووبەڕووی دادگا و گەل دەكرێنەوە و دەبنە پەند بۆ هەموو دەستدرێژیكەرێكی تاوانبار.

رۆژی‌ 19ی‌ ئه‌م مانگه‌ خۆكوژێك له‌ ناو بازاڕی‌ ئه‌لوه‌حیلات له‌ مه‌دینه‌ سه‌دری‌ به‌غدا خۆی‌ ته‌قانده‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی شه‌هید و برینداربوون.