مانچسته‌ریونایتد: به‌فه‌رمی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ جادۆن سانشۆی ناوه‌ڕاستكاری لاوی ئینگلیزی واژووكرد


یانه‌ی مانچسته‌ریونایتد ڕایگه‌یاند، به‌فه‌رمی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ جادۆن سانشۆی ناوه‌ڕاستكاری لاوی ئینگلیزی واژووكردووه.
كارگێڕی مان یونایتد له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ سانشۆ گه‌یشتبوونه‌ ڕێككه‌وتن و ئه‌و كاتیش یاریزانه‌كه‌ له‌ ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را له‌ جامی یۆرۆ به‌شداربوو، سانشۆی ته‌مه‌ن بیست ویه‌ك ساڵ له‌ یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆنده‌وه‌ به‌ گرێبه‌ستێك به‌ بڕی حه‌فتاوسێ ملیۆن پاوه‌ندی ئیسته‌رلینی په‌یوه‌ندی به‌ مان یونایتد كرد كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گرێبه‌سته‌ گرانبه‌هاكانی پرێمه‌رلیگ، ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ش پێنج ساڵه‌و بژارده‌ی درێژكردنه‌وه‌ی بۆ ساڵێكی دیكه‌ی له‌گه‌ڵدایه، دوای په‌یوه‌ندیكردنی به‌ ڕیزی ئه‌هریمه‌نی سوور، سانشۆ به‌ میدیای فه‌رمی مانچسته‌ریونایتدی ڕاگه‌یاند كه‌ هه‌رگیز دۆرتمۆند له‌یاد ناكات و سوپاسگوزاری تیپه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر گرنگیپێدان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یاریكردن له‌ تیپی یه‌كه‌می یانه‌كه‌دا.
 گوتیشی، هه‌موو كاتێك هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كردو دڵنیا بووم له‌وه‌ی ڕۆژێك دێت ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئینگلته‌راو ئێستاش كه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ مانچسته‌ریونایتد كردووه‌ پێم وایه‌ خه‌ونه‌كانم به‌دی هاتوون و به‌ گوڕوتینه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی یاریكردنم له‌ خولی ئینگلته‌را.
 سانشۆ ئاشكراشی كرد كه‌ مانچسته‌ریونایتد یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ گه‌وره‌كان و خاوه‌نی چه‌ندین ده‌ستكه‌وت و نازناوی به‌نرخه‌و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێی جیهان له‌م یانه‌یه‌ یاریان كردوه، بۆیه‌ خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه‌ ئێستا درێسی یانه‌كه‌ی پۆشیوه‌و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره‌ له‌ ژیانی وه‌رزشی خۆی وه‌سفكرد.
 جێگای باسه‌ سانشۆ له‌ چوار وه‌رزی ڕابردوودا له‌ ڕیزی دۆرتمۆندو له‌ كۆی سه‌دوسیی و حه‌وت یاری، په‌نجا گۆڵی تۆماركردووه‌و په‌نجاوحه‌وت گۆڵی دیكه‌شی بۆ هاوكارانی‌ دروست كردووه‌ .