وه‌زاره‌تى كۆچ وكۆچبه‌ران: ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كه‌ی كه‌مپى ئاشتى به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ بووه‌

وه‌زاره‌تى كۆچ وكۆچبه‌رانی عێراق هۆكارى ئاگرکەوتنەوه‌كه‌ى كه‌مپى ئاشتى تایبەت بە ئاواره‌كانی له‌ پارێزگاى سلێمانى ئاشکرا کرد.

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عه‌باس جیهانگیر لە لێدوانێکدا به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى رایگه‌یاندووە: ئەو ئاگرەی کە له‌ ژماره‌یه‌ک خێوه‌تى ئاواره‌كان له‌ كه‌مپى ئاشتى له‌ سلێمانى کەوتووەتەوە، به‌هۆى شۆتى كاره‌باوه‌ بووە.

عه‌باس جیهانگیر راشیگەیاندووە: ئاگرکەوتنه‌وەكه‌ بووەته‌ هۆى سووتانى حەوت خێوه‌ت و گیان له‌ده‌ستدانى منداڵێكى ته‌مه‌نى هه‌شت ساڵ".

جیهانگیر ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە کەمپەکەدا، هەزار و 400 خێوەت هەن، و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە له‌ هه‌موو كه‌مپه‌كاندا تیمى به‌رگریى شارستانى و ئامبوڵانس بۆ حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراوه‌كان ته‌رخانكراون و ئاگرەکەی کەمپی ئاشتیش لەلایەن تیمه‌كانى به‌رگریى شارستانییەوە كۆنترۆڵكراوه‌.

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ داخستنی کەمپەکان، رایگه‌یاندووه‌: وه‌زاره‌تى كۆچ و کۆچبەران به‌ په‌رۆشه‌ بۆ داخستنى هه‌موو كه‌مپه‌كان. داخستنى كه‌مپه‌كان له‌ هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ خواستی ئاره‌زوومەندانەى خێزانه‌ ئاوارەكان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێكیان نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى خۆیان و له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێک ده‌یانه‌وێت بمێننه‌وه‌.

عه‌باس جیهانگیر ئاشکرایشی کرد، كه‌مپى جه‌دعه‌ و فه‌للـوجه‌ كه‌ لەژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فیدراڵیدایە کە نزیکەی دوو هەزار خێزانی تیادایه‌ و له‌ رۆژانى داهاتوودا داده‌خرێت.

دوای نیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ ئاگر له‌ كه‌مپی ئاشتی له‌ ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت كه‌وته‌وه‌، كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی منداڵێك و سووتانی ژماره‌یه‌ك خێوه‌ت.