له‌زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق 24 كاتژمێر كاره‌بای موه‌لیده‌ هه‌یه‌

نرخی هه‌رئه‌مپێرێكی كاره‌بای موه‌لیده‌ له‌ 18 تا 25 هه‌زار ديناره‌

له‌زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌بای نیشتمانییه‌وه‌ 24 كاتژمێر كاره‌بای موه‌لیده‌ ده‌درێته‌ هاووڵاتیان و نرخی هه‌رئه‌مپێرێكی كاره‌بای موه‌لیده‌ش له‌ 18 تا 25 هه‌زاردیناره‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ هاووڵاتییه‌كی شاری فه‌للوجه‌  به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند: دۆخی كاره‌بای نیشتمانی زۆر خراپه‌و رۆژانه‌ 24 كاتژمێر كاره‌بای مولیده‌ هه‌یه‌ و نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێكیش له‌ ئێستادا 18 هه‌زار دیناره‌ ،به‌رزترین نرخی  یه‌ك ئه‌مپێریش له‌ رۆژانی رابردوودا گه‌یشتۆته‌ 25 هه‌زار دینار.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌و ماڵانه‌ی كه‌ هه‌ژارن و بڕی دوو ئه‌مپێرو سێ ئه‌مپێری هێلی كاره‌بای موه‌لیده‌یان هه‌یه‌، ته‌نها ده‌توانن ئامێری فێنك كه‌ره‌وه‌ (موبه‌ریده‌) به‌كار بهێنن و بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئاوی سارد، په‌نا بۆ كڕینی به‌فر ده‌به‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی به‌رززبوونه‌وه‌ی نرخی به‌فر.

جێگای ئاماژه‌پێدانه‌ رۆژی 10ی ته‌مموز مسته‌فا كازمی،سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كاره‌بای كردوو رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2003وه‌، 80 ملیار دۆلار بۆ كه‌رتی كاره‌با خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ وزه‌ی كاره‌با وه‌ك پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت.

له‌هه‌رێمی كوردستانیش وەزارەتی كارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌ جه‌ژن رایگه‌یاند كه‌ بە پشت بەستن بە بەرھەمھێنانی 3400 مێگاوات کارەبا، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا 14 کاتژمێر کارەبا دەداتە ھاوبەشانی.

شایانی باسه‌ ھەرێمی کوردستان لە وەرزی گەرمادا، پێویستیی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا ھەیە.