له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌دا بارسێلۆنا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ناستیك تاراگۆنای تۆماركرد


لەمیانی ئامادەكاری یانەی بارسێلۆنا بۆ ڕكابەریەكانی وەرزی داهاتوو و لە یەكەم یاری دۆستانەی تیپەكە لەم هاوینەو لە یاریگای یۆهان كرۆیف، یانەی بارسێلۆنا بە چوار گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی ناستیك تاراگۆنای پلەی دووی میوانی بردەوە.
 بەهۆی ئەوەی زۆربەی یاریزانە سەرەكیەكانی بلاوگڕانا لە پشوودان، ڕۆناڵد كۆمان ڕاهێنەری یانەكە پێكهاتەیەكی لە زۆرینەی یاریزانانی لاوی بۆ یاریەكە بانگهێشت كردبوو، دوای تەواوبوونی گێمی یەكەم بە یەكسان بوونی هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ.
 لە گێمی دووەم و لە خولەكی شەستدا، یاریزان ڕی ماناج گۆڵێكی بۆ بارسا تۆماركرد، پاشان یاریزان ئەلێكس كۆیادۆ گۆڵی دووەمی میواندارەكانی لە خولەكی هەشتاوپێنج بەدەستهێنا، هێندەی نەبردو خولەكێك دواتر، ڕی ماناج گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەكەی تۆماركرد.
 لە دواساتەكانی یاریشدا، هەمان یاریزان گۆڵی سێیەمی خۆی و چوارەمی بارسای بە لێدانی سزا بەدەستهێناو بووە هاتریكی یاری، شەممەی داهاتوو لە دووەم یاری دۆستانەی ئامادەكاریدا، بارسێلۆنا میوانداری جیرۆنا دەكات .