ئینتەرمیلان دەستبەرداری ئارتورۆ ڤیدال ده‌بێت


ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكانی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد كە یانەی ئینتەرمیلان بەنیازە لە مێركاتۆی هاوینەی ئێستادا دەستبەرداری ئارتورۆ ڤیدالی یاریزانە چیلیەكەی بێت.
 لەمبارەوە ڕۆژنامەی لاگازیتا دیلۆسپۆرتی ئیتاڵی بڵاویكردەوە كە بۆ وەرزی داهاتوو ڤیدال لە دەرەوەی پلانی سیمۆنی ئینزاگی ڕاهێنەری نوێی یانەكەیەو بەرپرسانی ئینتەریش دەیانەوێت دەستبەرداری یاریزانەكە بن، ئەویش بەهۆی ئەو مووچە زۆرەی لەو بارودۆخە داراییە سەختەی ئێستای یانەكەدا وەری دەگرێت كە بڕەكەی ساڵانە شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار یۆرۆیە.
 ڤیدالی تەمەن سی و چوار ساڵ لە هاوینی پارساڵ لە یانەی بارسێلۆناوە پەیوەندی بە ئینتەر كرد، ئەویش لەسەر داواو ڕاسپاردەی ئەنتۆنیۆ كۆنتێ ڕاهێنەری پێشووی نیراتزۆری.
 ڤیدال ڕۆڵێكی كاریگەری لە بردنەوەی نازناوی وەرزی ڕابردووی خولی ئیتاڵیا بۆ ئینتەر بینی، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ڕازیكردنی بەرپرسانی تیپەكە بۆ مانەوەی ئەم یاریزانە لە ڕیزی یانەكەیان و دەیانەوێت لەم هاوینەدا دەستبەرداری بن.