ئەیسی میلان بەفەرمی گواستنەوەی ئۆلیڤێ جیرۆ هێرشبەری یانەی چێڵسی بۆ یانەکەی راگەیاند


یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی بەفەرمی گواستنەوەی ئۆلیڤێ جیرۆ، هێرشبەری یانەی چێڵسیی بۆ یانەکەی راگەیاند.
میلان لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گواستنەوەی جیرۆی لە یانەی چێڵسییەوە بۆ ریزەکانی راگەیاند و دەڵێت: یاریزانەکە لە یانەکەدا درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت .
بەپێی میدیای ئیتاڵیا گرێبەستی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ یانەی میلان بۆ دوو وەرز دەبێت و بەرامبەر یەک ملیۆن یۆرۆ گواستراوەتەوە، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی ملیۆنێکی دیکە لە ئەگەری سەرکەوتنی لەگەڵ یانەکەدا.
جیرۆ لە 30-9-1986 لە دایکبووە و سەرەتای کاروانی یارییکردنی لە یانەی گرینۆبلی فەرەنسی بووە، پاشان لە 2005 بۆ یەکەمجار لەو یانەیەدا دەرکەوت، پاشان بووە یاریزانێکی پیشەگەر و بۆ یانەکانی ئیسترێس و مۆنپیلێی فەرەنسی یارییکرد، لە هاوینی 2012 یاریزانەکە چووە یانەی ئارسیناڵ، لە 253 یارییدا 105 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد، 6 نازناوی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
جیرۆ لە سەرەتای 2018 پەیوەندیی بە یانەی چێڵسی کرد، لە 119 یارییدا 39 گۆڵی تۆمارکرد، نازناوی چامپیۆنزلیگ، یۆرۆپالیگ و ئێف ئەی کەپی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا جیرۆ یەکەمجار لە 2011 دەرکەوت، 110 یاریی ئەنجامداوە و 46 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەکە بووەتە پاڵەوانی مۆندیالی 2018.