مووچه‌ خۆرانی پله‌ باڵاكان ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تا دوای جه‌ژن زانیارییه‌كانیان نه‌نێرن مووچه‌كانیان ده‌بردڕێت

بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان  رایگه‌یاند، تا دوای جەژنی قوربانی پێویستە سەرجەم پلە باڵاكان ئەو فۆڕمەی كە بەسەریاندا دابەش كراوە، بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرامبەر دەگرێتە بەر و مووچەیان رادەگیرێت تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە.

سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان  رایده‌گه‌ێنێت، لە ئێستادا لە پلە باڵاكان تەنھا ئەندام پەرلەمانەكان ماون چاكسازییان تێدا بكرێت، كە ژمارەیان 430 ئەندامە و بڕیارە دوای جەژن دەست بە چاكسازی لە ناوی ئەوانیشدا بكرێت.
 راشیده‌گه‌ێنێت:بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی بە پلە باڵا خانەنشین بوونە، فۆرمێكمان دابەش كردووە تا بزانین كێ بە فیعلی پلە باڵا بووە و خانەنشین بووە و كێش كەموكوڕیی ھەیە و كێ نایاساییە، كە لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە ھەموو وردەكارییەكانمان بۆ ئاشكرا دەبێت.

سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان ده‌شڵێت: تا ئێستا نزیكەی ھەزار فۆڕممان بۆ گەڕاوەتەوە و بەشێكیشی ماون و پێویستە تاوەكو دوای جەژن ئەوانیش بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرامبەر دەگرینە بەر وەكو راگرتنی مووچە تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە، چونكە پێویست بوو پێش جەژن فۆڕمەكە بگەڕێننەوە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: چاكسازی لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و وەزیر و بریكارەكاندا كراوە، بەڵام لەو فۆڕمەدا دیار دەبێت بۆ نموونە كێ وەزیر بووە و چەند خزمەتی ھەبووە و بە فیعلی وەزیر بووە یان نایاسایی بووە، ئەوانەمان ھەموو بۆ جیا دەكاتەوە، بۆیە ئەو فۆڕمە ھەموو خاڵێكی تێدایە و بۆ ئێمە گرنگە و دیاری دەكات كە كێ بە فیعلی خانەنشینی پلە باڵایە و كێش نایاساییە.