ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی نووسه‌ر و رۆژنامه‌س و هونه‌رمه‌ند شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان تێپه‌ڕ ده‌بێت

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 8-7-2021 ساڵێك ، به‌سه‌ركۆچی دوای شێرزاد عه‌بدولره‌حمانی نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس و ھونه‌رمه‌ند تێپه‌ر ده‌بێت.

شێرزاد عه‌بدولره‌حمان – گۆرانیبێژ و راگه‌یاندكار. ناوی ته‌واوی (شێرزاد عه‌بدولره‌حمان مامه‌)یه‌، له‌ عه‌شیره‌تی نانه‌كه‌لییه‌، ساڵی 1958 له‌ گه‌ڕه‌كی (ته‌یراوه‌) ی شاری هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی زانین ته‌واو كردووه‌، به‌هۆی زیره‌كی خۆی پۆله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می نه‌خوێندووه‌ راسته‌وخۆ به‌شداری له‌ ئه‌زموونه‌كانی چواره‌می سه‌ره‌تایی كردووه‌ و توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی شه‌هید یوسفی ده‌ربه‌ده‌ری برای، ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له‌ قوتابخانه‌ی كۆماری بووه‌. شێرزاد عه‌بدولره‌حمان ده‌نگێكی ره‌سه‌ن له‌ موزیك و گۆرانی، قه‌ڵه‌مێك بوێر له‌ نووسینی وشه‌ی جوان، 46 ساڵ له‌ خزمه‌ت رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا، ھونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووسی (شێرزاد عه‌بدولره‌حمان) ساڵی 1970 له‌ رادیۆی كوردی به‌غدا به‌ گۆرانی (دۆسته‌ دۆسته‌) خۆی خزانده‌ نێو ھونه‌ر و موزیك، پاشان چه‌ندین گۆرانی دیكه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌ و ناوبانگی ده‌ركرد. دواتر گۆرانی (لیمۆ ھه‌ی لیمۆ) بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن تۆمار ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك بچووكترین ڕۆژنامه‌نووس له‌ ڕۆژنامه‌ی ھاوكاری و گۆڤاری ڕه‌نگین سه‌دان ڕێپۆرتاژ بڵاوده‌كاته‌وه‌، ناوبراو خاوه‌ن برایه‌كی شه‌ھیده‌ به‌ ناوی (یوسف ده‌ربه‌ده‌ر) كه‌ ھه‌م ڕۆژنامه‌نووس بوو ھه‌م شاعیر، كه‌ له‌سه‌ر ھه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ حیزبی به‌عس له‌ سێداره‌ درا و تا ھه‌نوكه‌ش ته‌رمه‌كه‌ی نه‌درایه‌وه‌ خانه‌واده‌كه‌ی). شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان له‌ ئه‌زموونی 46 ساڵی ته‌مه‌نی ڕۆژنامه‌نووسی خۆیدا توانیوویه‌تی 24 كتێب پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ی كوردی بكات، (9) به‌رگیش له‌و كتێبانه‌ی نووسیوویه‌تی له‌سه‌ر یاوه‌رانی (بارزانی نه‌مر) بووه‌ و به‌ ناونیشانی (ژیان و به‌رخودان)، ھاوكات یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی له‌ باره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه‌ وه‌ك مه‌نھه‌جێك له‌ كۆلێژ ده‌خوێندرێت، كتێبی (دڵدار)ـی شاعیریش بۆ چه‌ند جارێك چاپ ده‌كرێته‌وه‌، دوا به‌رھه‌میشی له‌ نووسینی كتێبدا به‌ ناونیشانی (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی دوور له‌ سیاسه‌ت) بووه‌ كه‌ به‌ ھه‌ردوو زمانی (عه‌ره‌بی و كوردی) نووسراوه‌، ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 ساڵیش وه‌ك به‌رپرسی نووسینگه‌ی ھه‌ولێر له‌ ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ)ـی له‌نده‌نی كاریكردووه‌ و ڕۆژانه‌ش بابه‌ته‌كانی كراوه‌ به‌ مانشێتی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ كه‌ پڕبوون له‌ ھه‌واڵی گه‌رمی كوردستان و پڕۆسه‌ی ئازادی له‌ عێراق. له‌ مێژووی كاری ڕۆژنامه‌نووسی خۆیدا چه‌ندین به‌رپرسیارێتی پێدراوه‌ له‌وانه‌ش (ڕاوێژكاری وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له‌ كابینه‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا)، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (ھه‌رێمی كوردستان) و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی ڕۆژنامه‌ی (ھاوكاری و خه‌بات و برایه‌تی) و گۆڤاری (گوڵان) بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ زیاتر، دواترینیشیان به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی ڕۆژنامه‌ی (ھه‌ولێر)ـی سه‌ر به‌ ده‌زگای ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان ساڵی 1984 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ جیهان ئه‌حمه‌د ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌ و خاوه‌ن 6 منداڵه‌ 3 كوڕ و 3 كچ، به‌ ناوه‌كانی (ئیڤان – شیڤان – سۆنیا – ئالان – سۆلین – وارڤان)، جیهان ئه‌حمه‌د خوشكی هونه‌رمه‌ندان (جه‌لال به‌یار و جه‌مال دیلان)ـه‌.

شایانی باسه‌ دوای چه‌ند ساڵێك نه‌خۆشكه‌وتنی و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، شێرزاد عه‌بدولره‌حمان نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس و ھونه‌رمه‌ند له‌ 8-7 - 2021 به‌ھۆی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری ھه‌ولێر كۆچی دوای كرد.

ئا- كامران