یاریدەدەرێکی دەرمانساز بەتۆمەتی دزینی ژمارەیەک ڤاکسینی کۆرۆنا لە پارێزگای نەینەوا ده‌ستگیركرا

بەھای سەرجەمیان 178 ملیۆن و 80 ھەزار دینارە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، یاریدەدەرێکی دەرمانساز لە پارێزگای نەینەوا بەتۆمەتی دزینی ژمارەیەک دۆز ڤاکسینی کۆرۆنا دەستگیرکراوە کە بەھای سەرجەمیان، 178 ملیۆن و 80 ھەزار دینارە.

لە راگەیەنراوێکدا دەستەی ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە، تێمێکی سەربە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای نەینەوا، توانیویەتی یاریدەدەرێکی دەرمانساز کە لە نەخۆشخانەی شیفا لە پارێزگاکە خزمەت دەکات دەستگیربکات بەتۆمەتی ئەوەی ژمارەیەک دۆز ڤاکسینی کۆرۆنای دزیوە کە نرخی یەکیان 300 دۆلارە و بەھاي سەرجەمیان 178 ملیۆن و 80 ھەزار دینارە.

بەپێی راگەیەنراوەکە تیمەکە لە ماڵی تۆمەتبارەکە، دەستی بەسەر424 دۆز ڤاکسینی کۆرۆنای ساختە لەگەڵ کەرەستەی پزیشکی دیکەدا گرتووە و ھاتووە:
" بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا و وەرگرتنی گوتەکانی تۆمەتبارەکە، دەرکەوتووە ئەو 424 ڤاکسینە، باوەڕپێکراو نیین و ساختەن و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتیان پێ نەبەستراوە و نرخی ھەر یەکیان لە بازاڕدا، 50 دۆلارە".

ئاماژە بەوەیشدراوە، تۆمەتبارەکە نیازی ھەبووە بە ئامانجی پڕکردنەوەی کەمی ژمارەی ئەو ڤاکسینانەی کە دزیویەتی، 424 ڤاکسینە ساختەکان بگەڕێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە، چونکە ڤاکسینە راستەقینەکانی لە بازاڕدا فرۆشتووە و ئەوەیش لە کاتێکدا ڤاکسینە راستەقینەکانی کۆرۆنا تەنھا لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بۆ نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستیی تەرخان دەکرێت و رێگە نادرێت لە دەرمانخانەکاندا مامەڵەیان پێوەبکرێت.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە تۆمەتبارەکە دوای وەرگرتنی گوتەکانی، بە بڕیاری دادوەریی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بەپێی ماددەی (11/444) لە یاسای سزاکانی عێراق، دەستبەسەرکراوە.