پارێزگاری هه‌ولێر، خانوویەک ده‌به‌خشێته‌ خێزانى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی له‌ چیای مه‌تین به‌ده‌ستی په‌كه‌كه‌ شه‌هیدبوو

پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند: ئێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كه‌سوكاری ئێمه‌ن، هه‌رچیه‌ك له‌توانای ئێمه‌دابێت به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین به‌بێ درێغی كردن لێی بۆتان جێبه‌جێبكه‌ین.

ئێواره‌ی ئەمرۆ دووشه‌مه‌2021.6.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، له‌ناحییه‌ی داره‌توو سەردانی بنەماڵەی شەهید (ئەزوەر عه‌بدولڕه‌حمان)ی كرد كه‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 2021.6.5 لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی پێشمه‌رگایه‌تی له‌گه‌ڵ پۆلێك پیشمه‌رگه‌ی تر لە چیای مەتین له‌ سنووری قەزایی ئامێدی کەوتنە بۆسەی چه‌كدارانى پەکەکە و جگه‌ له‌شەهیدبوونى شه‌هید (ئەزوەر) (4) پێشمەرگەی تریش شەهیدبوون و (4)ی دیکەش بریندارن بوون.

پارێزگاری هه‌ولێر، له‌سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا وێڕای گەیاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخەمی  بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌س وكاری شه‌هید، ئاماده‌یی پارێزگای هه‌ولێر بۆ هه‌ر هاوكاری و یارمه‌تیه‌ك نیشاندا و ڕایگه‌یاند: "ئێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كه‌س و كاری ئێمه‌ن، هه‌رچیه‌ك له‌توانای ئێمه‌دابێت به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین به‌بێ درێغی كردن لێی بۆتان جێبه‌جێبكه‌ین". پاشان پارێزگاری هه‌ولێر، له‌نزیكه‌وه‌ له‌ڕه‌وشی ژیان و بار و گوزرانی خێزانی شه‌هید و منداڵه‌كانی پرسی، لەبه‌رناله‌باری گوزه‌ران و هه‌ژاری و خراپی باردۆخی ژیانیان، خانوویەکی بەخشییە منداڵەکانی کە لە لایەن خێرخواز (سالار فاتەکە) دروستکراوە.

شایه‌نی باسه‌، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 2021.6.5، هێزێکی پێشمەرگەی كوردستان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینی سنووری قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، کەوتنە بۆسەی چه‌كدارانى پەکەکە و له‌ئاكامدا 5 پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.