ژنە کۆچبەرێکی کوردستانی ئێران لە ڕێگای یۆنان گیانی لە دەست دا


ژنێکی پەناخوازێکی خەڵکی سەردەشتی كوردستانی ئێران، لە کاتی چوون بۆ وڵاتی یۆنان، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست دا.

 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌: لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی پەناخوازی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "مێهری نەبی زاده" تەمەن 27 ساڵ لە کاتی چوون بۆ وڵاتی یۆنان بەهۆی دووریی ڕێگا و ماندوویەتی گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە كه‌ به‌ هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، مێهری نەبی زاده هاوڕێ لەگەڵ هاوژین و دوو کچە4  و 7 ساڵانەکەی لە سنووری ویشکانی تورکیاوە بەرەو یۆنان ڕۆیشتوون و بەهۆی دووریی ڕێگاکە و ماندوویەتی تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لە دەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم 11 پەناخوازی کورد کە لە ئێرانەوە ویستوویانە خۆیان بگەیننە وڵاتانی ئەورووپی گیانیان لە دەست داوە کە لەو ژمارەیە 9 کەسیان خەڵکی شاری سەردەشت بوون.