زیادبوونی كێشه‌ی زیپكه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا

تیشكی خۆر  كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر زیپكه‌ كه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سیكی تر ئه‌گۆرێت، چه‌ند شه‌پۆلێكی دیاریكراوی تیشكی خۆر ئه‌بنه‌ هۆی مردنی ئه‌و  به‌كتریایه‌ی Propionibacterium acnes) ( كه‌ هۆكاری هه‌وكردنه‌ له‌ پێستدا. جگه‌ له‌مه‌ش تیشكی خۆر كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌زگای به‌گری له‌ش، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی هه‌یه‌له‌سه‌ر پێست و پرۆسه‌ی هه‌وكردن كه‌م ئه‌بیته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش تۆخبوونه‌وه‌ی ڕه‌نگی پێست به‌هۆی تیشكی خۆره‌وه‌ ئه‌بێته‌ هۆی كه‌متر ده‌ركه‌وتنی هه‌ڵئاوساوی و سوربونه‌وه‌ی زیپكه‌كان.

زیانه‌كانی خۆدانه‌ به‌رتیشكی خۆر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ زۆر قورسترن له‌ سوده‌كانی، ئاشكرایه‌ كه‌ تیشكی سه‌روبنه‌وشه‌یی خۆر زیان به‌ DNA ی خانه‌كانی پێست ئه‌گه‌یه‌نێت و هۆكاری چرچی و په‌ڵه‌یه‌ له‌پێستدا، له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌كرێت ببێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی پێست.

پرۆسه‌ی ئه‌سمه‌ربوون له‌ژێر تیشكی خۆردا ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌ستوربوونی چینی سه‌روه‌ی پێست ئه‌نجام گیرانی كونیله‌ی چه‌وریڕژێنه‌كان و  ڕێگرتن له‌ هاتنه‌ ده‌روه‌ی چه‌وری پێست  Sebum و دروستبوونی زیپكه‌.  جگه‌ له‌مانه‌ش بۆچونێكیش هه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ تیشكی خۆر هانی زیاتر ده‌ردانی چه‌وری پێست ئه‌دات.

به‌كارهێانی كرێمی دژه‌خۆر بۆ هه‌موو كه‌س گرنگه‌ وه‌ گرنگتره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاكنیان هه‌یه‌، زۆربه‌ی ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ دژی  ئاكنی به‌كاریه‌ن پێسته‌كه‌ زیاتر هه‌ستیار ئه‌كه‌ن به‌رامبه‌ر تیشكی خۆر. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س سكاڵای ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن به‌ به‌كارهێنای كرێمی دژه‌ خۆر پێستیان زیپكه‌ ده‌رئه‌كات، بۆچونێك هه‌یه‌ پێی وایه‌ كه‌ خۆرپاڵیوه‌ كیمیاییه‌كان ئه‌بنه‌ هۆی دروستبوونی زیپكه‌ له‌ پێستدا، خۆرپاڵیوه‌ كیماییه‌كان ئه‌و پێكهاتانه‌ن كه‌ به‌كاریه‌ن له‌ كرێمی دژه‌خۆره‌كاندا بۆ پاراستنی پێست له‌ زیانه‌كانی تیشكی سه‌روبنه‌وشه‌یی. ئه‌م خۆرپاڵیوه‌رانه‌ كارئه‌كه‌ن به‌ هه‌ڵمژینی تیشكی خۆر كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ئه‌بنه‌ هۆی دوستبوونی گه‌رمی و وزه‌ له‌ پێستدا و دروستبوونی زیپكه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌كارهێنانی خۆرپاڵیوره‌ فیزیاییه‌كان سه‌لامه‌تترن چونكه‌ كارئه‌كه‌ن به‌ شكانه‌وه‌ی تیشكی خۆر نه‌ك هه‌ڵمژینی.

بۆچونێكی تر هه‌یه‌ پێی وایه‌ كه‌ تێكه‌ڵه‌ی خۆرپاڵیوه‌كان و ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه‌ دژه‌خۆره‌كه‌ی لێ دروست ئه‌كرێت ئه‌بێته‌ هۆی داخستنی چیكڵدانه‌ی مووه‌كانی پێست و بێزاركردنی، ئه‌نجام ده‌ركه‌وتنی زیپكه‌.

له‌وانه‌یه‌ ده‌ستنیشان كردنی هۆكاره‌كه‌ زه‌حمه‌ت بێت بۆ تۆ یان ته‌نها هۆكارێك نه‌بێت به‌ڵكو ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌ هۆكار بێت، هه‌ربۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌:

١- خۆت بپاریزه‌ له‌ مانه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ ژێر تیشكی ڕاسته‌وخۆی خۆردا.

٢- ئه‌و دژه‌خۆرانه‌ به‌كاربهێنه‌ كه‌ ئه‌و خۆرپاڵیوانه‌ له‌خۆ ئه‌گرن كه‌ سه‌لامه‌تن و پێست بێزار ناكه‌ن نمونه‌ی ئه‌وانه‌ Zink oxide. ئه‌توانیت درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێنیته‌وه‌ له‌ كتێبی ( پێستی تۆ).

٣- پێش ئه‌وه‌ی كرێمێكی دژه‌خۆر به‌كاربهێنیت سه‌یری پێكهاته‌كانی بكه‌ و دڵنیابه‌ره‌وه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ خاڵیه‌ له‌و پێكهاتانه‌ی كه‌ ئه‌بنه‌ هۆی دروست بوونی زیپكه‌، زه‌یتی ناوكی ترێ و گوێزی هندی یه‌كێكن له‌و پێكهاتانه‌. له‌ كتێبه‌كه‌مدا (كتێبی پێستی تۆ) ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و پێكهاتانه‌ی تێدایه‌.

٤- هه‌تا كرێمی دژه‌خۆره‌كه‌ت چه‌ورتر بێت وه‌ SPFه‌كه‌ی به‌رزتر بیت چانسی دروستبوونی زیپكه‌ت زیاد ئه‌كات.

٥- پێش ئه‌وه‌ی كرێمی دژه‌خۆره‌كه‌ت بۆ گشت ڕوخسارت به‌كاربهێنیت چه‌ند ڕۆژێك تاقی بكه‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ر شوێنێكی بچوكی ڕوخسارت  له‌ پێشی گوێچكه‌ت.

٦- هه‌میشه‌ شه‌وان پێش نوستن ڕووخسارت خاوێن بكه‌ره‌وه‌ له‌ پاشماوه‌ی كرێمی دژه‌خۆره‌كه‌ت.

ژێده‌ر-پێستی تۆ