45 رۆژه‌ 2 ئافره‌تی كورد له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێراندان


دوو ئافره‌تانی كورد، كه‌ خه‌ڵكی پیرانشارن دوای  45 رۆر له‌ده‌ستگیر كردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ، گوازرانه‌وه‌ بۆ به‌ندینخانه‌ی ئورمیه‌ له‌كوردستانی ئێران .


 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر یەک لە سەفیە مامووشی پوور و گوڵاڵە مورادی كه‌ خەڵکی پیرانشارن، دوای 14 ڕۆژ مانەوە لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئورمیە بۆ بەندی ئافره‌تانی ئەو بەندیخانە گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە كه‌ به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌، ئەو دوو ئافره‌ته‌ لە ماوەی دەستبەسەر کرانیان لە به‌ندینخانه‌ی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بە سەختی ئەشکەنجە کراون.

سەفیە مامووشی پوور تەمەن 48 ساڵ و گوڵاڵە مورادی تەمەن47 ساڵ، هاوژین و دایکی زاوای عوسمان حاجی حوسێنی کادری سوپای پاسدارانن کە شەوی هەینی 27ی خاکەلێوە (١٦ی حوزه‌یران) لە شه‌قامی گونی زیویەی پیرانشار کوژرا و گرووپی “هەڵۆکانی زاگرۆس” بەرپرسیارێتی بە ئەستۆ گرت و ئەم دوو کەسەش هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە 17ی 4ی 2021 ، سەفیە مامووشی پوور  ڕۆژی چوارشەممە 21ی 4 ی 2021،  لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەركراوه‌ ، دواتر گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ندینخانه‌ی ئورمیه‌. 

جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵاڵە مورادیش بە ناوەکانی تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان حاجی حوسێنی) و مەتین بەزازی تەمەن 14 ساڵ هەر لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کراون.