له‌هه‌ولێر شایی بنەماڵەیەك بەدەستی گەنجێكی تیژڕۆ بوو بە شین

به‌هۆی‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر شایی بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌ده‌ستی گه‌نجێكی‌ تیژڕه‌و بوو به‌شین ، كه‌ دایك و باوكێك كه‌ سه‌رقاڵی‌ دابه‌شكردنی‌ كارتی‌ بوك گواستنه‌وه‌ بوون بۆ كوڕه‌كه‌یان به‌هۆی رووداوه‌كه‌وه‌  گیانیان له‌ده‌ست دا.
موقەدەم فازل حاجی گوتەبێژی  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت: شەوی رابردوو لەسەر شەقامی (120) مەتری لەنزیك شوقەكانی جیهان سیتی گەنجێك كە نیسانێكی تایبەتی لێدەخوڕی كەزۆر تیژڕۆ بوو لەهەمان كاتدا بێ ئاگاش بوو لەشەقام و دەوروبەری، بۆیە خۆی كێشا بەدواوەی شوفرلێتێكی تایبەت كە ژن و مێردێكی بەتەمەنی تێدابوو شوفرلێتەكە بەهۆی زەبری بەركەوتنەكە كۆنتڕۆڵی لەدەستداو خۆی كێشا بە گادرێلی ڕاگری تەنیشتی ڕێگەكەو دووبارە گەڕایەوە ناو شەقام و بەرەو دەرەوەی شەقام ڕۆیشتەوە، وەلەپاش ئەوەی گەیشتە سیاجی تەلبەندی شەقامەكە ئینجا وەستا، بەداخەوە لەدەرەنجامی ڕوداوەكە ژن و مێردەكە گیانیان لەدەستدا كە لەو كاتە خەریكی دابەشكردنی كارتی بووك گواستنەوە بوون بۆ كوڕەكەیان بەسەر خزم و دۆستانیان جگە لەكەوتنەوەی زیانێكی زۆری مادی.
موقەدەم فازل حاجی گوتەبێژی  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: سەبارەت بەهۆكاری تیژڕۆیی و بێ ئاگاییەكە كاتێك پرسیار لەگەنجەكە كرا، هیچ وەڵامێكی پێنەبوو، تەنها وتی: كە سەرم بڵند كرد زۆر نزیكبووم لەئۆتۆمبێلەكەی پێشم، بۆیە خۆم پێداكێشا.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێرده‌شڵێت: ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت شوفێرەكە خەریكی شتی تر بووە جگە لەشوفێریەكەی كە شتەكەی تریش كە ئێستا بۆتە گەورەترین بەڵا بۆ هاتوچۆ مۆبایل بووە بەپێی بۆچوونەكان.