موقەددەم سەلام خۆشناو: له‌ بازگه‌كانی هه‌ولێر هەموو ئاسانکارییەک دەکەین بۆ هاتنی گەشتیاران

لێپرسراوی بازگەکانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند لە چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 24 هەزار گەشتیار لە رێگەی بازگەی شێراوە ـ کەرکووک هاتوونەتە شاری هەولێر.

موقەددەم سەلام خۆشناو، لێپرسراوی بازگەکانی پارێزگای هەولێر راگەیاند: لە چوار رۆژی رابردوودا تەنیا لە دەروازەی شێراوە ـ کەرکووکەوە 24 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر، هەروەها تەنیا رۆژی پێنجشەممە لە بازگەی خازر ـ هەولێر 10 هەزار و 988 گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.

سەبارەت بە چۆنیەتی پێدانی مافی مانەوە (ئیقامە) بەو کەسانە، موقەددەم سەلام خۆشناو گوتی تیمێکی زۆرمان بۆ ئەو گەشتیارانە ئامادەکردووە و تەنیا پێویستیمان بە 5-10 خوولەک بۆ هەر گەشتیارێک هەیە کە ئیقامەی بەخۆرایی پێبدەین و هەموو ئاسانکارییەک دەکەین بۆ هاتنی گەشتیاران.

بەرپرسی بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر روونیکردەوە تیمی بازگەکان کارئاسانی تەواو پێشکەش دەکات و پاش پشکنینی ئەمنی و پێدانی ئیقامە، رێگەی چوونەژوورەوەیان بۆ هەولێر پێدەدرێت.