داوای قه‌ده‌غه‌ كردنی كاری سیاسی 451 ئه‌ندام و به‌رپرسی هه‌ده‌په‌ ده‌كرێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دادگای ده‌ستووری له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا وه‌ڵام بداته‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی توركیا بۆ جاری دووه‌م سكاڵانامه‌ی بۆ داخستنی هه‌ده‌په‌ ئاماده‌ و راده‌ستی دادگای ده‌ستووری توركیا كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ داواكاری گشتی توركیا به‌كر شاهین رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وسكاڵانامه‌یه‌ی كه‌ پێشتر ئاماده‌ و راده‌ستی دادگای ده‌ستووری كرابوو به‌ڵام له‌لایه‌ن دادگایه‌وه‌ بۆداواكاری گشتی گه‌ڕێنرابوویه‌وه‌، دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ و دوای ته‌واو بوونی كاروباری پێویست سكاڵانامه‌كه‌ دووباره‌ راده‌ستی دادگای ده‌ستووری توركیا كراوه‌.

به‌كر شاهین باسی له‌وه‌ كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن دادگای ده‌ستووری توركیا له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا بڕیار له‌سه‌ر سكاڵا نامه‌كه‌ بدات و بۆداخستنی هه‌ده‌په‌ هه‌نگاوی پێویست بنێت.

شاهین له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ناوه‌ڕۆكی سكاڵانامه‌كه‌ كردووه‌ و گوتوویه‌تی: له‌ سكاڵا نامه‌كه‌دا داوای قه‌ده‌غه‌ كردنی كار و چالاكی سیاسیمان بۆ 451 ئه‌ندام و به‌رپرسی هه‌ده‌په‌ كردووه‌. هه‌روه‌ها 69 ئه‌ندامی دیكه‌ی هه‌ده‌په‌یش له‌ كات و ستاته‌ جیاجیاكاندا پڕۆپاگه‌نده‌یان بۆ تیرۆر كردووه‌ و داوای سزا دانی ئه‌مانه‌یشمان كردووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی بزۆتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركیا مه‌هه‌په‌، پارتی وه‌ته‌ن و ئاكه‌په‌دا بۆ داخستنی هه‌ده‌په‌، هه‌ر یه‌ك له‌ پارتی سه‌عاده‌ت، پارتی یه‌نیده‌ن ره‌فا، جه‌هه‌په‌، ئیی پارتی، گه‌له‌جه‌ك و داڤا پارتیش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رده‌بڕن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داخستنی هه‌ده‌په‌ بێ رێزییه‌ به‌ ئیراده‌ و بڕیاری ده‌نگده‌ری هه‌ده‌په‌ و گۆرزێكی كۆشنده‌یه‌ كه‌ له‌ دیموكراسیه‌تی توركیا ده‌وه‌شێنرێت.

ئه‌رده‌لان گۆران