د.مەحمود عوسمان: نابێت په‌كه‌كه‌ بە ئارەزووی خۆی هەرچی ویست بیکات

بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای تورکیا کە لە ناوچە سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا روویانداوه‌ خەڵکێکی زۆر گوند و زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌ و ئاوارە بوونە، ئه‌و خه‌ڵكه‌ داوا دەکەن سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە.

سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی ناوچەکە، دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دێرینی کورد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، دەبێت كێشه‌كان لەگەڵ پەکەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، پەکەکە زۆر هەڵەی هەیە، دەبێت نزیک نەبێته‌وه‌ لە ناوچەی دێهات ئاواییه‌كان و ڕه‌چاوی ڕەوشی کوردستان و پەرلەمان و حکومەت و حزبەکان بکات، نابێت بە ئارەزووی خۆی هەرچی ویست بیکات.

شایه‌نی باسه‌ له‌ رۆژانی رابردوو چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیدا له‌ چیای مه‌تین پێنج پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید كرد و حه‌وتی دیكه‌شی برینداركرد و هه‌روه‌ها به‌یانی رۆژی سێشه‌مه‌  8 - 6 - 2021 ، لە سنووری زاخۆ چەكدارانی (پەكەكە) به‌ چه‌كی قه‌ناس پێشمەرگەیەكی دیكەی شەهید كرد.