بانکی نێودەوڵەتی لە رووی داراییەوە هاوكاری عێراق ده‌كات

بانکی نێودەوڵەتی بە مەرج ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە رووی داراییەوە، نیشان دەدات.

رەمزی نوعمان، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە بەغدای پایتەختی عێراق بە رۆژنامەی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، قەیرانی ئابووری هێشتا لە عێراق ماوە و کۆتایی نەهاتووە. ده‌شڵێت، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، بانکی نێودەوڵەتی لە دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات.

نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە بەغدا ئامادەیی بانکەکەی بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە رووی داراییەوە نیشانداوە، بەو مەرجەی حکومەتی عێراق بە فەرمی داوایان لێبکات. جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ داوایەکی نوێی بۆ قەرز وەرگرتن پێشکەش نەکردووە، بەڵام ئەگەر داوا بکات، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و هاوکاری، چونکە ئێمە هاوبەشی عێراقین و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بۆ ئێمە گرنگە.

نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە بەغدا بە دووری زانیوە عێراق لە ماوەیەکی کەمدا بتوانێ قەیرانەکانی تێپەڕێنێت، کە بەشێکیان وەک میرات بۆی ماوەتەوە و بەشێکیشیان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت وپەتای کۆرۆنا، سەریان هەڵداوە.