میدالی شانازی پێشكه‌ش به‌ خێریه‌خان خوشكی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی كرا

كێ بێت حه‌ز نه‌كات بچێته‌ دیداری بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفی كورد فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی؟ شه‌یدایانی هزر و به‌رهه‌می ئه‌و كه‌ ناچن، په‌ی به‌ هه‌واری پاش مه‌رگی نابه‌ن، نازانن له‌ كام گۆشه‌ و كه‌نارێكی نیشتیماندایه‌.

گه‌ڕان و پرسینی زۆری ناوێت، له‌ شارێكی باشووری وڵاتدا خانمێكی مه‌زن هه‌یه‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێی به‌ بیستنی ناوی فه‌له‌كه‌دینی برای گۆش ده‌كرێت، دایكی به‌ده‌م حه‌سره‌ت و سۆز، جۆش و خرۆشی دایكایه‌تییه‌وه‌ بۆ ده‌یان ساڵ به‌ هیوای دیداری كوڕه‌كه‌ی بووه‌، تا ئه‌ندازه‌ی خێریه‌ خانی كچیشی، شه‌یدای دیتنی فه‌له‌كه‌دینی برای ده‌بێت.

ڕژێمی داگیركه‌ری به‌عس له‌ قه‌پۆزی ده‌درێت، ڕووبه‌رێكی فراوان له‌ خاكی نیشتیمان چۆڵ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین، خێریه‌ی خوشك به‌ دیداری فه‌له‌كه‌دینی برای شاد ده‌بێت. له‌ هه‌نگینه‌وه‌، خێریه‌ی خوشك هه‌موو چركه‌یه‌كی ژیان ده‌خاته‌ خزمه‌تی برای بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفی.

به‌ ناوی گوڵده‌سته‌ی رۆِشنبیرانی كه‌ركووكه‌وه‌، هه‌ر له‌ یه‌ك به‌ڕێزان سه‌ید حه‌سه‌نی پیریادی، ستار جه‌باری، شێخ محه‌مه‌د عوبێدی لوتفی و تاریق كارێزی، سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییان له‌ شاری پیرمه‌مدا كرد، له‌وێشدا به‌ ڕێزه‌وه‌ میدالی شانازییان پێشكه‌ش به‌ خێریه‌ خان، خوشكی مامۆستای فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی كرد.

خوشكی گه‌وره‌ی هه‌مووان خێریه‌ خان، ئه‌ركی پاراستن و خزمه‌ت كردنی مۆزه‌خانه‌ (ئه‌رشیف و كتێبخانه‌)كه‌ی ڕه‌وان شاد فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ ئاستێكی به‌رز و باڵادا گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ. به‌مه‌ش خێریه‌ خان نموونه‌یه‌كی یه‌كجار به‌رز و باڵای خانمانی كوردستان پێشكه‌ش ده‌كات، كه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستی بۆ سینگه‌وه‌ بگرین.

ئا- كامران