چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌ شه‌هید ده‌كه‌ن


ئه‌یاد نوری په‌یامنێری كوردستان تیڤى رایگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌  8 - 6 - 2021 ،  پێشمەرگەیەكی دیكە لە سنووری زاخۆ لە لایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شەهید كرا.
ئه‌دیب جه‌عفه‌ر،به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی ده‌ركار له‌ سنووری زاخۆ به‌كوردستان تیڤى  راگه‌یاند، كاتژمێر 7 ى به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ناوی ره‌زوان محه‌مه‌د عه‌لی  ته‌مه‌ن 30 ساڵ،  له‌كاتی به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌ركی سه‌ربازی خۆی له‌گوندی قه‌ره‌غ سه‌ر به‌شاره‌دێی ده‌ركار به‌گولـله‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ به‌چه‌كی جۆری قه‌ناس كراوه‌ته‌ ئامانج و  به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ شه‌هیدبوو . 
ئه‌یاد نووری په‌یامنێری كوردستان تیڤى راشیگه‌یاند: ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی شه‌هید بووه‌ سه‌ر به‌فه‌رمانده‌ی دهۆك بووه‌ ، خێزانداره‌ و خاوه‌نی سێ منداڵه‌ و ماوه‌ی یازده‌ ساڵیشه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ . 
رۆژی شه‌مه‌ی رابردوو چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌چیای مه‌تینا له‌سنوری قه‌زای ئامێدی هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ گیانیان له‌ده‌ستداو حه‌وتی دیكه‌ش برینداربوون .
دواتر پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌ له‌هه‌مان شوێن به‌چه‌كی جۆری قه‌ناس كرایه‌ ئامانج ئه‌میش به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ شه‌هید بوو .
به‌یانی ئه‌مڕۆش له‌سنوری قه‌زای زاخۆ جارێكی دیكه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ به‌چه‌كی جۆری قه‌ناس پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌یان شه‌هید كرد . 
 

 

شوان عه‌زیز