هاكپار: پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ به‌په‌له‌ له‌ كوردستان بكشێته‌وه‌

ئه‌مه‌ نه‌ یه‌كه‌م هێرش و دوایین هێرشی په‌كه‌كه‌یه‌

پارتی ماف وئازادییه‌كان ( هاكپار) راگه‌ینراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هید كردنی پێشمه‌رگه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

هاكپار له‌و راگه‌ینراوه‌دا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌و هێرشه‌ به‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار بۆ خزمه‌ت كردنی دۆژمنانی گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

هاكپار له‌ به‌شێكی دیكه‌ی رایگه‌ینراوه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشی یه‌كه‌م نییه‌ و نابێته‌ هێرشی كۆتاییش و په‌كه‌كه‌ كه‌وتووته‌ خزمه‌تی نیزامی داگیركه‌ره‌وه‌ و هه‌م له‌ باشوورو هه‌م له‌ رۆژئاوای كوردستان ئاسته‌نگی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م كاروانی تێكۆشانی كورد كه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو ده‌نێت دروست ده‌كات.

هاكپار جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشه‌ په‌كه‌كه‌ هێرشێكی دۆژمنكارانه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌ په‌كه‌كه‌ بڵێن ئێتر به‌سه‌ و پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چی دیكه‌ زه‌ره‌ر و زیان به‌ پێگه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد نه‌گه‌ینێت به‌په‌له‌ له‌ باشووری كوردستان بكێشێته‌وه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران