میدیاكانی په‌كه‌كه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ په‌كه‌كه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌

میدیاكانی په‌كه‌كه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5-6-2021 چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ كاتژمێر 4ی به‌ره‌به‌یانی ته‌قه‌یان له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌.

دوابه‌دوای رووداوه‌كه‌ش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:  به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 5ی حوزه‌یرانی 2021، هێزێكی پێشمه‌رگه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی سه‌ربازی له‌چیای مه‌تینی قه‌زای ئامێدی، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خه‌ڵك و گونده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاسایش بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، له‌لایه‌ن هێزێكی (پ ك ك)ه‌وه‌ بۆسه‌یه‌كیان بۆ دانراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و چوار پێشمه‌رگه‌ی تریش برینداربوون.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: پێشتریش هۆشداریمان دابوو، له‌ئه‌گه‌ری روودانی رووداوی له‌و شێوه‌یه‌، ده‌بێ هه‌مووان رێز له‌سنووری هه‌رێم بگرن و ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان نه‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.