​په‌رله‌مان دەربارەی دەستوور داوای ڕا و سەر‌نج و تێبینیی له‌ لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان ده‌كات

سكرتێرى  په‌رله‌مانی  كوردستان له‌بارەی هه‌وڵه‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بۆ پرسى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور و كۆتا واده‌ى پێشكه‌شكردنى ڕا و سر‌نج و تێبینییه‌كانى لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان له‌ ڕێگاى فراكسیۆنه‌كانیانەوە ڕاده‌گه‌یەنێت و دەڵێت،دوێنێ یه‌كشه‌مه‌ 16-5-2021، كۆتا واده ‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كان ڕا و سرنج و تێبینییه‌كانیان پێشكه‌ش به ‌سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بكه‌ن، به‌ڵام پێشكه‌شیان نه‌كرد، ئه‌مڕۆ به‌ نووسراوى فه‌رمى ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دەشڵێت: له‌ پرسى ده‌ستوور ڕا و بۆچوونى ئەو لایه‌نانه‌ى له‌ په‌رله‌مان كورسییان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌شى له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانن و كورسیى په‌رله‌مانیان نییه‌ زۆر بەهه‌ند وه‌رده‌گیرێت.

مونا قه‌هوه‌چى،  سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێنێت: وه‌كوو ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان لە 12ى 4ى 2021 كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان و نوێنه‌رى پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسى ده‌ستوور بەڕێوە برد و، به‌ فه‌رمى داوامان له‌ سه‌رجه‌م سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان كرد كه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى خۆیان بكه‌ن ڕا و سرنج و تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ى ده‌ستوورەوە بگه‌یەننه ‌سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان تا 15ى ئه‌م مانگه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین پڕۆژه‌یه‌كى نیشتمانیی هاوبه‌ش ئاماده‌ بكه‌ین، به‌ڵام دوێنێ ئه‌و واده‌یه‌ كۆتایى هات و هیچ فراكسیۆنێك به ‌فه‌رمى ڕا و سر‌نج و تێبینیى حیزبه‌كەنیان پێشكه‌شمان نه‌كرد، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، به ‌نووسراوى فه‌رمى دووباره‌ داواكارییه‌كه‌یان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌شڵێت: ئامانجمان له‌ ئاڕاسته‌كردنى نووسراوى فه‌رمى بۆ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حیزبه‌كانیان و ڕا و سرنج و بۆچوونه‌كانیان بێننه‌ په‌رله‌مان، سه‌باره‌ت به ‌پرسى ده‌ستوور و ئینجا دواتر به‌ دواداچوونى خۆمان ده‌كه‌ین، چونكه‌ له ‌پرسى ده‌ستوور ڕا و بۆچوونى لایه‌نه‌كان، ئه‌وانه‌ى له‌ په‌رله‌مان كورسییان هه‌یه ‌و ئه‌وانه‌شى له ‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانن و كورسیى په‌رله‌مانیان نییه‌ زۆر به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت.

 راشیده‌گه‌ێنێت: له‌ دواى ئه‌و نووسراوه‌ فه‌رمییه‌ دووباره‌ كاتێكى تر بۆ فراكسیۆنه‌كان دیارى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ماوه‌یەدا‌ ڕا و سرنج و تێبینیى حیزبه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بكه‌ن .

سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: پرسى ده‌ستوور ڕه‌هه‌ندێكى نیشتمانیى هه‌یه‌ و بۆ هه‌موو تاكێكى خەڵكى كوردستانه‌ و، پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌وافوقى له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ناو په‌رله‌مان كێشه‌ى بۆ دروست نه‌بێت و له‌ كه‌شێكى ئارامدا ئاماده‌ بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان هه‌نگاویان نا و ئەرکی خۆیان بەجێ هێنا.

لە خولی چوارەمی پەرلەمانى كوردستاندا، 51 ماددەی ڕەشنووسی دەستوور کۆدەنگییان لەسەر کرا ، لە خولی پێنجەمیشدا گەیشتنە 72 ماددە، بەڵام چەند ماددەیەک خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوون، ئه‌مه‌ش واى كرد مادده‌كانى تر ته‌واو نه‌كرێت و ده‌ستووریش بكه‌وێته‌ ئه‌م خوڵه‌ى په‌رله‌مان.