وته‌بێژی پارتی بۆ سه‌عدی پیره‌: غرور یا ملكەچكردن بۆ ئیڕادەی جەماوەر


 مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌داته‌وه‌ كاتێك ناوبراو له‌دیمانه‌یه‌كدا باس له‌ڕێژه‌ی به‌ده‌ست هێنانی كورسییه‌كانی پارتی له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو كردبوو ، وته‌بێژی پارتی رایده‌گه‌ێنێت:  مەغرور بوون كاتێك دروست دەبێت كە كەسێك یا لایەنێك لەناكاو دەرفەتێكی كاتی بۆ دروست بێت و قەبارە و توانا و رابردووی خۆی نەزانی.
راشیده‌گه‌ێنێت: پارتی دیموكراتی كوردستان تازە نییە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان پشتیوانی لێ‌ كردووە و بە هەموو چین و توێژەكانیشەوە بەنوێنەری خۆیانیان زانیوە، پارتیش لە فكر و لە كردەوەدا ھەر خۆی بەنوێنەری ئەو خەڵکە و هەموو چین و توێژەكان زانیوە و قەبارە و توانای خۆی لەهەموو قۆناغەكاندا رەچاوكردووە هەتا قەبارە و توانای دوژمن و منافسەكانی خۆیشی لەبەرچاو گرتووە، بۆیە هەڵبەزودابەزی لە ستراتیژیەتی خۆیدا پەیڕەو نەكردووە و هیچ كاتێكیش ستراتیژیەتی نەكردۆتە قوربانی تاكتیك و جێگۆڕكێی پێ‌ نەكردووە.
مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان  ده‌شڵێت: بۆیە پارتی تەنیا بە (٤٥) كورسی پەرلەمانی كە دەنگی خەڵكی كوردستانی لەپشتەوەیە لەبەرچاو نیە، ئەوەندەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاوە، كاتێك حزبێك خۆی بۆ بەرگری  لە ماف و ئازادی گەلەكەی تەرخان دەكات دەبێ‌ بۆ پاراستنی دەسكەوت و دامەزراوەكان كە بە خوێن و خەبات بەدەست هاتوون وەكو خاوەن رەفتار بكات.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: پارتی هەوڵێ‌ نەداوە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) تەسلیمی ئیڕادەی خۆی بكات، بەڵكو هەوڵی داوە یەکێتی و هەموو لایەنەكانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی تەسلیمی ویستی گەلی كوردستان بن و رێز لە پرۆسەی هەڵبژاردن و  ئاكامی دەنگدانی خەڵك بگرین و دیموكراسیەت تەنیا دروشم نەبێت.

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: ئەگەر پارتی بە (٤٥) كورسیەكەی مەغرور بوایە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەو ماوە زۆرە چاوەڕوانی نەدەكرد و، هەڤاڵ مەسرور بارزانی لەگەڵ یەك بە یەكی لایەنەكان كۆنەدەبۆوە بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، بەڵكو بە زۆرینەی پەرلەمانی كابینەكەی پێك دەهێنا.
هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژی پارتی رایده‌گه‌ێنێت:
پارتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زۆرینە بووە و بۆ ماوەیەكی دورودرێژیش بەتەنیا سەركردایەتی شۆڕشی كردوە بۆ بەدەست هێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەی و، تەنیا لایەنی رووتێكراوی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقیش بووە بۆ چارەسەری كێشەی کورد و كوردستان، لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقیش هەر زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە و لایەنی سەرەكی رووتێكردنی وڵاتان بووە.

له‌كۆتاییدا رایده‌گه‌ێنێت: لەم سەردەمی پێشکەوتن و فرە مینبەریەدا لێدوان زۆر و ئاسانن بەڵام ئەو كاتە لێدوان سودی دەبێ كە لەبەرژەوەندی تەبایی و پڕكردنەوەی درزەكانی یەكڕیزی كۆمەڵگە دا بێت و مانای چەمكەكانی (غرور) و (ملكەچ كردن بۆ ئیڕادەی جەماوەر)یش وەك خۆیان تەعریف بكرێن و تێكەڵاو نەكرێن.