كه‌ناراوی شوشه‌یی یه‌كێك له‌ سه‌رنجڕاكێشترین كه‌ناراوه‌كانی جیهانه‌

كه‌ناراوی شوشه‌یی كه‌وتووه‌ته‌ شاری فۆرت براگ له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌و ویلایه‌ته‌، له‌ وه‌رزی هاویندا رۆژانه‌ نزیكه‌ی 1200 سه‌ردانیكه‌ر سه‌ردانی ئه‌م شوێنه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش و جوانی هه‌یه‌.

هۆكاری كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌م شوشه‌ به‌م رێژه‌ زۆره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1906 كاتێك دانیشتووانی شاره‌كه‌ ده‌ستیان كرد به‌ فڕێدانی پاشماوه‌كانی ماڵیان و زبڵ و خاشاكیان بۆ نێو ئاوی ئه‌م كه‌ناراوه‌ و ئه‌م كاره‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو تا ساڵی 1967 و زۆرێك له‌ پاشماوه‌ جه‌نگییه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیش تێ فڕێدراوه‌، له‌ ساڵی 1967 ئه‌نجومه‌نی چاودێری كه‌ره‌سته‌كانی ئاو له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا و به‌رپرسانی شاره‌كه‌ له‌م بواره‌ بڕیاریان دا به‌ داخستنی ئه‌م كه‌ناراوه‌ و ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی خاوێنكردنه‌وه‌ی به‌درێژایی چه‌ند ساڵێك.

دوای چه‌ند ساڵێك له‌ خاوێنكردنه‌وی ئاوی ده‌ریاكه‌ له‌ هه‌موو كانزا و كه‌ره‌سته‌كان به‌ڵام ده‌ریا زۆرێك له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی هه‌ڵگرت و له‌گه‌ڵ جموجووڵی به‌رزی و نزمی ئاوی ده‌ریاكه‌ ئه‌م پارچه‌ شوشانه‌ به‌مشێوه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ ده‌ركه‌وتن و بووه‌ جێگای گه‌شتیاران.

له‌ ساڵی 2002 ده‌سه‌ڵاتداران بڕیاریان دا به‌ تۆماركردنی به‌شێك له‌ كه‌ناراوی شوشه‌یی له‌سه‌ر پاركی نیشتمانی ماكرێشه‌ر، ئه‌مه‌ش ژماره‌ی سه‌ردانیكارانی زیاتر كرد.

ئا- كامران

ژێده‌ر- كۆكتێل