هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ : به‌ هۆی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی توركیاوه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر كوردان بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی

هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی مه‌رسینه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و هێرشه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌نجام دراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژانی رابردوو له‌ شاری مه‌رسینی توركیا چه‌ند كه‌سێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر خانه‌واده‌یه‌كی كورد كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ردانی توركیای كردبوو، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ په‌روین بۆڵدان له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه‌ هاته‌ ده‌نگ.

په‌روین بۆڵدان باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ هۆی رووداوێكه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵكو هێرشه‌كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ و هێرشێكی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستانه‌یه‌.

بۆڵدان باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ هۆی سیاسه‌ته‌كانی رژیمی توركیاوه‌، هێرش كردنه‌ سه‌ر كوردان بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی و رژیمیش له‌به‌رامبه‌ر هێرشكاران هه‌ڵوێستی نه‌رمه‌. ناوبراو جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێتۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ مه‌رسین هێرشی سه‌ر ئه‌و خانه‌واده‌ كورده‌یان كردووه‌ ئازاد بكرێن ئه‌وا به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كه‌می هێرشه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی توركیا.

بۆڵدان جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی توركیا هێرشكاران سزا بدات و قه‌ره‌بووی ئه‌و خانه‌واده‌ كورده‌ بكاته‌وه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران