لەبنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمه‌رگه‌ خولێكی تایبەت بەزانیاری ئۆپەراسیۆنەكان کرایەوە


بەئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی سەربازی، بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، هەستا بەکردنەوەی خولێکی تایبەت، بۆ چەند ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە.
 ئەمڕۆ 16/5/2021، بە ئامادەبوونی لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆکی ئەڕکانی وەزارەت بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە خولێكی تایبەتی بۆ بیست ئەفسەری سەر بە بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كردەوە، کە بۆماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، مەبەستیش لەو خولە بەرزکردنەوەی ئاستی توانای ئەفسەرانی بەشداربووە، لە بوارە جیاوازەکاندا.
لەمبارەوە عەمید روکن عیلمی حەسەن مزوری بەڕێوەبەری بنکەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە، بە سەنتەری میدیای راگەیاند: كردنەوەی خولێكی لەوجۆرە لە چوارچێوەی پرۆگرامی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراوە. وتیشی: لەلایەن 10 ئەفسەری باڵا وانەكان دەوترێنەوە، لەو رێگایەوە بەشداربوان ئاشنای زانستی سەربازی لەبوارە جیاوازەکاندا دەكرێن.
 گوتیشی: لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا گرنگترین ئەو بابەتانەی پێشكەش دەكرێن ئەمانەن:
1- فەرماندەییكردن
2- چەمکەکانی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی
 3- كارەكانی روكن
4- یاسای سزادانی سەربازی 5- شێوازی ئێشكگرتن
6- هەڵوەستەكردن لەكاتی دروستكردنی بڕیار
7- ئەركەكانی دەستەی ئەركان 8- بنەما گرنگەكان لە نوسراوی فەرمیدا
9-- بنەماكانی كاركردن لە گۆڕەپاندا
10- دروستكردنی پەیوەندی
11- بنەماكانی دادگایی كردنی جەزائی.