لیسته‌رسیتی نازناوی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رای بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆیدا به‌ده‌ستهێنا


یانه‌ی لیسته‌رسیتی نازناوی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رای بۆ تۆپی پێ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆی به‌ده‌ستهێنا.
 له‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌و له‌ یاریگای وێمبلی له‌ له‌نده‌ن، هه‌ردوو یانه‌ی لیسته‌رسیتی و چێڵسی ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه، له‌ئه‌نجامدا، لیسته‌رسیتی به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
 له‌ گێمی یه‌كه‌می یاریه‌كه‌دا یاریزانانی هه‌ردوو تیپ چه‌ندین هێرشیان كرده‌ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان نه‌یانتوانی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر بهه‌ژێنن و ئه‌م گێمه‌ به‌ یه‌كسان بوونی هه‌ردوو تیپ به‌بێ تۆماركردنی گۆڵ ته‌واوبوو.
 له‌ گێمی دووه‌میش هه‌ردوولا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر هێرش و فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر به‌رده‌وام بوون، تا له‌ خوله‌كی شه‌ستوسێدا، ناوه‌ڕاستكاری به‌لجیكی، یۆری تێلێمانس به‌ربه‌ستی یه‌كسان بوونی شكاندو گۆڵێكی بۆ لیسته‌رسیتی به‌ لێدانێكی به‌هێز له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا تۆماركرد.
 سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاریزانانی چێڵسی هه‌رچی له‌ توانیاندا بوو پێشكه‌شیان كرد بۆ یه‌كسان كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی یاری، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ ئاكام بوو، ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتنی لیسته‌رسیتی به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر كۆتایی هات و نازناوی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رای بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆی به‌ده‌ستهێناو یاریزانانی یانه‌كه‌ له‌ كه‌رناڤالێكدا جامه‌كه‌یان به‌رزكرده‌وه‌ .