جۆ بایدن: رۆژه‌ مه‌زنه‌كه‌ هات و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌توانن چیتر ماسكی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا به‌كارنه‌هێنن

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا رایانگه‌یاند: ئه‌و كه‌سانه‌ی دوو ژه‌م له‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنایان وه‌رگرتووه‌ ده‌توانن له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان ماسك به‌كارنه‌هێنن هاوكات ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ ئه‌وانه‌ی ژه‌مه‌ ڤاكسینیشیان وه‌رنه‌گرتووه‌ هاوشێوه‌ی رێكاره‌كانی پێشوو له‌ به‌رامبه‌ر نه‌به‌ستانی ماسكی خۆپارێزی سزا نادرێن. 

جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: چیتر هاووڵاتییانی ئه‌مه‌یكا له‌سه‌ر به‌كارنه‌هێنانی ماسكی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا سزا نادرێن ئه‌م بژارده‌یه‌ به‌ ده‌ست گه‌لی ئه‌مه‌ریكایه و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت خۆی و كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزێت به‌ ماسك به‌كاربهێنێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ رێكارێكی له‌ به‌رامبه‌ردا ناگیرێته‌ به‌ر. 

هاوكات جۆ بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هێشتا مه‌ترسی كۆرۆنا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا ماوه‌ بۆیه‌ پابه‌ندن به‌ رێكاره‌كانی پاراستنی سه‌لامه‌تی گشتی له‌ ڕێگه‌نه‌دان له‌ دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان. 

راشیگه‌یاند: ئه‌وانه‌ی دوو ژه‌م له‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنایان وه‌رگرتووه‌ بۆیان هه‌یه‌ ماسك به‌كارنه‌هێنن به‌و مه‌رجه‌ی لانیكه‌م دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر وه‌رگرتنی ژه‌می دووه‌می ڤاكسینه‌كه‌ تێپه‌ڕ بووبێت. 

بایدن راگه‌یاندنی رۆژی نه‌به‌ستانی ماسكی به‌ ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ ناوبرد و رایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا زه‌ره‌رمه‌ندترین وڵاتی جیهانه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا به‌ڵام له‌ ئێستادا بارودۆخی ئه‌م وڵاته‌ به‌ به‌راورد به‌ چه‌ند مانگێك پێش ئێستا زۆر جیاوازه‌ و تا راده‌یه‌كی زۆر ڕێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه‌ گیراوه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ڤاكسینه‌ به‌رهه‌مهاتووه‌كان و پابه‌ندبوونی هاووڵاتییان به‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی ڕۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌ لاوازبوونی په‌تای كۆرۆنا له‌ ئه‌مه‌ریكا.