ئومێد خۆشناو داوایه‌كی به‌په‌له‌ له‌ كونسلخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر ده‌كات

له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌ی توركیا هاته‌ ده‌نگ

دوای ئه‌وه‌ی له‌ شاری مێرسین له‌وڵاتی توركیا، له‌لایه‌ن گرووپێكه‌وه‌ هێرش كرایه‌  سه‌ر خێزانێكی كوردی خه‌ڵكی هه‌ولێر و دوو له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ بریندار ده‌كه‌ن، له‌و رووه‌وه‌ پارێزگای هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

 دوای بڵاوبوونەوەی گرتە فیدیۆییەک کەتێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردوو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریانکرد و دڵنیایکردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان و ڕایگەیاند: "ئێوە کەس و کاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین"، پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە بەڕێز پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و داوای لێکردن:
یەکەم/ داوا دەکەین لەزووترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.
دووەم/ داو لەکونسڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە.
سێیەم/ وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و  بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرامبەر ئەنجامبدرێت.