ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری ئێرانی: له‌ توركیا رێز له‌ هیچ جۆره‌ ماف و ئازادییه‌ك ناگیردرێت

په‌نابه‌ره‌ ئێرانییه‌ گیراوه‌كان له‌ توركیا باس له‌ نه‌بوونی ماف و ئازادییه‌كان له‌ توركیا ده‌كه‌ن.

ژماره‌یه‌كی په‌نابه‌ری ژنی ئێرانی كه‌ له‌ ئێران هه‌ڵهاتوونه‌ و له‌ توركیا گیرساونه‌ته‌وه‌، به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی داوای جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئیسته‌نبۆڵ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانییان كردووه‌، له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیاوه‌ ده‌ستگیر و زیندانی كراون.

ئه‌و په‌نابه‌ره‌ ئێرانییانه‌ كه‌ بڕیاری ناردنه‌وه‌یان بۆ ئێران له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی توركیاوه‌ ده‌ركراوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ئێران رێز له‌ هیچ جۆره‌ ماف و ئازادییه‌كی ژنان ناگیردرێت و ئێستایش دۆخی توركیا به‌ هه‌مان شێوه‌ی دۆخی ئێرانه‌، رێز له‌ هیچ جۆره‌ ماف و ئازادییه‌ك ناگیردرێت و توركیایش ورده‌ ورده‌ له‌ بواری رێزگرتن له‌ ماف و ئازادییه‌كانه‌وه‌ بووه‌ته‌ وه‌كو ئێران و رۆژانه‌ ماف و ئازادییه‌كان به‌ تایبه‌تی مافی ژنان پێشێل ده‌كرێت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیایش له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێكی كرداری نانن.

ئه‌و په‌نابه‌ره‌ ئێرانییانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنان له‌ توركیای به‌ هۆی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ته‌وه‌ له‌ ژێر مه‌ترسیدان و دۆخی ژنان له‌ توركیا هاوشێوه‌ی دۆخی ژنانه‌ له‌ ئێران. جێگای ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ 4 په‌نابه‌ری ژنی ئێرانی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ توركیا ده‌ژین به‌ هۆی به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی پشتیوانی كردن له‌ رێككه‌وتنی ئیسته‌نبۆڵ له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیاوه‌ ده‌ستگیر كراون و بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌یان بۆ ئێران ده‌ركراوه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران