باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق: بکوژان تەحەددای دەوڵەت دەکەن و خەڵکی دەتۆقێنن

باڵیۆزانی بریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە دوو راگەیەندراوی جیادا سەرکۆنەی کوشتنی چالاکوانە عێراقییەکان دەکەن و بە مەترسی دەبینن بۆ سەر ئاشتی عێراق.

مارتن هۆس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی کردەوە لەسەر لێپێچینەوەی بکەرانی کردەوەکانی کوشتنی چالاکوانە عێراقییەکان و لە تویتێکیدا لە تویتەر دەڵێت: مکوڕی لەسەر لێپێچینەوە لە تاوانەکانی کوشتن وەک تاوانی کوشتنی ئیهاب وەزنی بانگەشەیەکی بەتاڵ نییە.

ئاماژەشی پێدا، بکوژان تەحەددای دەوڵەت دەکەن و هەڕەشە دەکەن و کۆمەڵگەی عێراقی دەتۆقێنن و سەرتاپای رێڕەوی سیاسی لە وڵات تێک دەدەن.

هاوکات ستیفن هیکی، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق لە تویتكیدا لە تویتەر لەو بارەوە دەنووسێت: کوژرانی چالاکوان ئیهاب وەزنی سەرکۆنە دەکەین، چاوپۆشیکردن لە سزادانی ئەوانەی چالاکوانەکان دەکوژن، وایکردووە کوشتنی زیاتری بەدوادا بێت.

شایه‌نی باسه‌ بەرەبەیانی دوێنێ، چالاکوانی مەدەنی، ئیھاب جەواد وەزنی لەلایەن کەسانی نەناسراو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا تیرۆر كرا.