مسته‌فا كازمی: به‌م نزیكانه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك میدیا ڕایگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا  له‌ سه‌رده‌می زێڕیندایه‌.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ قازانجی عێراق دابوو.

گوتیشی :پاڵپشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌كه‌م و زۆر هه‌وڵم داوه‌ به‌ بێلایه‌نى كار بكه‌م.

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كازمی گوتی: كار ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و له‌ ڕابردووشدا كاری زۆمان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات.

گوتیشی: پێویستمان به‌ متمانه‌ی كوردو عه‌ره‌ب هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

له‌باره‌ی ڕه‌وانه‌كردنی به‌شه‌بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ گوتی: ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌و بڕگه‌ی 11 باش بوو و به‌م نزیكانه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت.

گوتیشی:  له‌ ئێستادا له‌ قۆناغی كۆتایی دابه‌شكردنی مووچه‌داین

كازمی گوتیشی: ڕێگه‌ ناده‌ین عێراق ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ووڵاتانی دراوسێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مسته‌فا كازمی ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ چه‌ك به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت.