حكوومه‌تی عێراق: ئاوی دیجله‌ و فورات 50 له‌سه‌دا كه‌میكردووه‌

وه‌زیری ده‌رامه‌ته‌كانی ئاو له‌ حكوومه‌تی عێراق، مه‌ھدی ره‌شید حه‌مدانی رایگه‌یاند كه‌ ئاوی رووباره‌كانی دیجله‌ و فورات به‌ڕێژه‌ی 50 له‌سه‌دا كه‌میكردووه‌.

مه‌ھدی ره‌شید حه‌مدانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، به‌هۆی به‌رنه‌دانه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ئاستی ئاوی رووباره‌كانی دیجله‌ و فورات 50 له‌سه‌دا كه‌میكردووه‌ و گوتی:"ھه‌روه‌ھا ئاوی زێی بچووك به‌ڕێژه‌ی 70 له‌سه‌دا كه‌میكردووه‌".

وه‌زیری ده‌رامه‌ته‌كانی ئاو له‌ حكوومه‌تی عێراق، مه‌ھدی ره‌شید حه‌مدانی گوتیشی: "به‌ھۆی ئه‌وه‌ی ئێران به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، ئاوی رووباری سیروان-یش له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌میكردووه‌".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئێستا حكوومه‌تی ئێران، ھیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام داوایان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كردووه‌ كه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكات له‌گه‌ڵ ئێران سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو له‌نێوان ھه‌ردوو وڵاتدا.