ئاقشه‌نه‌ر: ئیی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌دا هاوپه‌یمانیه‌تی ناكات

داڤا پارتی و گه‌له‌جه‌ك پارتی داوایان لێكردبوو پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی نوێ پێك بهێنن


له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیادا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، جمووجۆڵی سیاسی نێوان پارت ولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركیایش زیادی كردووه‌.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ر دوو پارتی تازه‌ دامه‌زراوی داڤا پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پێشووی بازرگانی توركیا عه‌لی باباجان و گه‌له‌جه‌ك پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیری پێشووی توركیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو، داوایان له‌ سه‌رۆكی گشتی ئیی پارتی مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ر كرد كه‌ ئه‌و سێ پارته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی نوێ دروست بكه‌ن.
سه‌رۆكی ئیی پارتی مه‌راڵ ئاقشه‌نه‌ریش له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئیی پارتی دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك ئه‌نجام ده‌دات و رۆژانی رابردوو له‌گه‌ڵ داڤا پارتی و گه‌له‌جه‌ك پارتیش كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بووه‌ به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تی نه‌كراوه‌ و ئیی پارتی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیه‌تی میلله‌ته‌ و ناتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌دا هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی نوێ دروست بكاتز
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوپه‌یمانیه‌تی جمهوور كه‌ له‌ ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ پێكهاتووه‌ و حاڵیحازر ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌كان ده‌نگه‌كانی روویان له‌ دابه‌زین كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌یش بۆ رێگریكردن له‌ دابه‌زینی زیاتری ده‌نگه‌كانی ده‌ستی به‌ هه‌وڵدانی زۆر بۆ په‌رته‌وازه‌ كردن و پارچه‌ كردنی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌رێمییه‌كانی 2019دا هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كیان به‌ ناوی هاوپه‌یمانیه‌تی میلله‌ت دامه‌زراندبوو و توانی بوو شاره‌وانی شاره‌ گه‌وره‌كان به‌ ده‌سته‌وه‌ بهێنێت.
ئه‌رده‌لان گۆران