واشنتۆن له‌ ئاستی جیهانیدا درێژه‌ به‌ پشتیوانی له‌ ئازادی ڕاگه‌یاندن ده‌دا

ئه‌مرۆ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی، جۆو بایدن، سەرۆکی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی، وێرای په‌سه‌نی کاری ڕۆژنامەوانی له‌ پێناو ئاشكرا كردنی ڕاستییه‌كان و بره‌ودان به‌ دێموكراسی دەڵێت: " 30 ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە ئاست گوشارو توندوتیژی نه‌بڕاوه‌، ڕۆژنامەوانانی ئه‌فریقایی، رێكه‌وتن كه‌ جاڕنامەی ویندهۆک ڕابگەیەنن، کە تیایدا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ (دامەزراندن، پاراستن و بەهێزکردنی ڕۆژنامەگەری ئازادو فرە چه‌شن کارێکی بنەڕەتیـیە بۆ پەرەپـێدان و پاراستنی دیموکراسی و ئابوری لە وڵاتێکدا."

بایده‌ن پێی وایه‌ پێوسیته‌ هه‌موو لایه‌ك ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە لە بەرامبەر میدیای ئازادو سەربەخۆدا هەن، لەوانە ئازاردانی جەستەیی و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیـیانە. له‌ درێژه‌ی باننامه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ڵێ: "ڕۆژنامەوانان ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن، لێکۆڵینەوە لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن و داوای زوڵاڵی، كراوه‌یی و ئاشكرایی دەکەن لەوانەی كه‌ دەسەڵاتدارن.

بۆ پرۆسەی دیموکراسی، ڕۆژنامەوانان پێوستن، ناکرێ دەستبەرداریان بین. سەرکوتکاران بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بنکۆڵکردنی ڕۆژنامەوانیی ئازادو به‌راوه‌ژوو كردنه‌وه‌ی کردنەوەی ڕاستییەکان و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری. ئەم جۆرە په‌لامارانه‌ لەو هەڕەشەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی دیموکراسی دەبنەوە لە جیهاندا، كه‌متر نیه‌."

هاوكات، ئەنتۆنی بلینکن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ رێگای تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویتەره‌وه‌، بۆ جارێكی دیكه‌ پشتیوانی و داكۆكی واشنگتنی له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی دووپات كرده‌وه‌و له‌م باره‌وه‌ نووسی: "ئه‌مریكا، لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا، درێژه‌ به‌ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی، ده‌ست وێراگه‌یشتن به‌ زانیاری و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەوانان لە گشت جیهان ده‌دات. هه‌بوونی زانیاری یانی هێز، رێگای متمانه‌پێكرا بۆ گه‌یشتنی زانیارییه‌كان به‌ خه‌ڵك، ڕاگه‌یاندنی ئازادو سه‌ربه‌خۆیه‌."

كورته‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ مێژووی ساڵرۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌وانی: لە ساڵی 1991دا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، پێشنیاری به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كرد تاكوو "ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ئازاد"، دیاری بكرێ، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی له‌ ئاستی جیهانیدا. دواتر، رێكخراوی یونێسکۆ، سه‌ر به‌ نەتەوه‌ یەکگرتووکان، له‌ ڕۆژی 20ی دیسەمبەری ساڵی 1992، بڕیاردا كه‌ ڕۆژی 3ی مانگی 5ی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەوانییه‌و له‌ و كاته‌وه‌ تاكوو ئێستا له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا له‌م رۆژه‌دا رێز له‌ رۆنامه‌وانان ده‌گیردرێ و له‌سه‌ر بایه‌خی ئازادی رۆژنامه‌وانی پێداگری ده‌كرێته‌وه‌.

ڕه‌حیم ڕه‌شیدی