سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/4  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ياوه‌ريى جێگرانى سه‌رۆك له‌ سلێمانى سه‌ردانى محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێر و مه‌كته‌بى سياسيى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستانيان كرد.

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان له‌پێناو يه‌كخستنه‌وه‌ و هاوهه‌ڵوێستيى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كران. له‌مباره‌يه‌وه‌ سكرتێرى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى به‌ گرنگ و پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگيرييه‌كى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستانيان بۆ دووپات كرده‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌پيره‌وه‌چوونى ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى به‌شدار و ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى بۆ هه‌وڵه‌كانى يه‌كڕيزى و دروستكردنى چوارچێوه‌يه‌كى هاوبه‌شى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان كرده‌وه تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌ختييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن و به‌ كارى پێكه‌وه‌يى به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاو بنێن.