چارەنووسی لیڤاندۆڤسكی ئەستێرەی بایرن میونشن لە ڕیزی تیپەكه‌یدا لە كۆتایی ئەم وەرزە نادیارە

 
چارەنووسی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵەندی و ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن لە ڕیزی تیپەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزە نادیارە، ئەویش بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە ئەگەری ڕۆیشتنی لە ڕیزی یانەی باڤاری لە مێركاتۆی هاوینەی داهاتوو دەكەن.
 لەمبارەوە ڕۆژنامەی سپۆرت بیڵدی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە كە بینی زاهاڤی بریكاری كارەكانی لیڤاندۆڤسكی بەنیازە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بایرن بكات تا ڕەزامەندیان وەربگرێت بۆ دەستبەرداربوونی یانەكە لەم گۆڵكارە پۆڵەندیە لە هاوینی داهاتوودا.
 ئەمەش لە كاتێكدایە كە چەندین یانەی بەناوبانگی ئەوروپی گرنگی بە تواناكانی لیڤاندۆڤسكی دەدەن، بە تایبەتی یانەكانی ئینگلتەرا كە توانایەكی بەرزی داراییان هەیەو دەتوانن بڕی گرێبەستێكی گرانبەهاو مووچەیەكی بەرز بۆ یاریزانەكە دابین بكەن.
 جێگای باسە گرێبەستی ئێستای لیڤاندۆڤسكی تەمەن سیی و دوو ساڵ لەگەڵ بایرن لە هاوینی ساڵی دووهەزاروبیستوسێ‌ تەواودەبێت، بۆیە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا، یاریزانەكە سێ‌ بژاردەی لەبەردەم دەبێت، ئەوانیش بریتین لە درێژكردنەوەی گرێبەستی و كۆتاییهێنانی كاروانی وەرزشی لە ڕیزی تیپەكەی یان چاوەڕوانیكردن تا كۆتایی ماوەی گرێبەستی و ڕۆیشتنی لە ڕیزی بایرن بە خۆڕایی، یاخود ڕازیكردنی بەرپرسانی تیپەكەی بەوەی لە هاوینی داهاتوو دەستبەرداری بن تا پەیوەندی بە یانەیەكی دیكەوە بكات.
 لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا لیڤاندۆڤسكی سی و شەش گۆڵی بۆ تیپەكەی تۆماركردووەو لە پێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵكارانی خولەكە دێت .