چه‌ند مووشه‌كێك ئاراسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د كران

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رایگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌ك موشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی به‌له‌د و ده‌وروبه‌ری كراون.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی، چوار موشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی به‌له‌د له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كراوه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی موشه‌كه‌كانه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، هێزێكی زۆری ئه‌منیش گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونیان بۆ سه‌رچاوه‌ی ئاراسته‌كردنی ئه‌و موشه‌كانه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

پێشتر چه‌ند جارێك له‌سه‌رچاوه‌ی نادیاره‌وه‌، موشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق و به‌تایبه‌ت فڕۆكه‌خانه‌ و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان كراوه‌.

بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌دی سه‌ربازی له‌دوای بنكه‌ی سه‌ربازی به‌له‌د، به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین سه‌ربازگه‌ له‌ عێراق داده‌نرێت، ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی به‌غدادی له‌ پارێزگای ئه‌نبار و نزیك رووباری فورات، له‌ئێستاشدا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعشی تێدا جێگیركراوه‌.