له‌ هیندستان حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ په‌تای كۆرۆنا له‌ رۆژێكدا 400 هه‌زاری تێپه‌ڕاند

ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ رۆژێكدا له‌ هیندستان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین كاریگه‌ری په‌تاكه‌ی له‌سه‌ره‌،‌ 400 هه‌زاری تێپه‌ڕاند.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هیندستانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ میانی 24٢٤ كاتژمێری رابردوودا، 401 هه‌زار و 993 حاڵه‌تی تووشبوون به‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوه‌ و، سێ هه‌زار و 523 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ كاتێكدا تێكڕای ژماره‌ی تووشبووانی په‌تاكه‌ له‌ هیندستان گه‌یشتووه‌ته‌ 19 ملیۆن و 164هه‌زار و 969 كه‌س، كۆی ژماره‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ی به‌و په‌تایه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 211 هه‌زار و 853 كه‌س. ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی چاره‌سه‌ركردنیان درێژه‌ی هه‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سێ ملیۆن و 268 هه‌زار و 710 كه‌س.

حاڵه‌ته‌كانی توشبوون به‌ په‌تای كۆرۆنا له‌ هیندستان كه‌ له‌ مانگی نیساندا رووی له‌ هه‌ڵكشان كرد، به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.