ئه‌مشه‌و ریاڵ مه‌درید میوانداری ئۆساسۆنا ده‌كات


له‌هه‌فته‌ی سیی و چواره‌می خولی یانه‌كانی ئیسپانیا، كاتژمێر ده‌ی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی ڕیال مه‌درید پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردووی خوله‌كه‌ میوانداری یانه‌ی ئۆساسۆنا ده‌كات.
 ڕیال مه‌درید به‌ كۆكردنه‌وه‌ی حه‌فتاویه‌ك خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه‌و ئۆساسۆناش به‌ چل خاڵ له‌ پله‌ی یازده‌می ڕیزبه‌ند دێت، یاریزانانی یانه‌ی شاهانه‌ دوایین یه‌كه‌ی مه‌شقیان بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ یاری ئه‌م شه‌و سازكردو سێرجیۆ ڕامۆس كاپتنی ڕیال به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی مه‌شقی كردو بۆ یاریكردن ئاماده‌یه.
 هاوكات هه‌ریه‌ك له‌ دانی كارڤاخال و فێرلاند مێندی و ناچۆ فێرناندیز پێكانیان هه‌یه‌و فیدی ڤالڤێردیش هێشتا له‌ په‌تای كۆرۆنا چاك نه‌بۆته‌وه، زێنه‌دین زێدان ڕاهێنه‌ری ڕیال مه‌درید له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماده‌یی تیپه‌كه‌ی بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئۆساسۆنا ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند كه‌ یانه‌كه‌یان ده‌جه‌نگێت بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌زره‌ی لالیگاو له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی خوله‌كه‌ش له‌ هه‌فته‌كانی كۆتایی، ڕكابه‌ری له‌نێوان یانه‌كانی ڕیزی پێشه‌وه‌ به‌هێزتر ده‌بێت.
 زێدان گوتیشی، گوێ به‌ ئه‌نجامی یاری ڕكابه‌ره‌كانمان ناده‌ین و ته‌نها هه‌وڵ ده‌دین له‌ یاریه‌كانی خۆمان ئاستێكی به‌رز پێشكه‌شبكه‌ین و سه‌ركه‌وتن تۆماربكه‌ین و خاڵه‌كان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین.
 ڕاهێنه‌ره‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كه‌ ئاشكراشی كرد كه‌ ململانێكانی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا سه‌خت و ئاڵۆزه‌و ئه‌مه‌ش تا كۆتایی خوله‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، گوتیشی، ڕاهێنه‌رایه‌تیكردنی تیپێكی وه‌ك ڕیال مه‌درید كارێكی ئاسان نیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ گونجاومان زانیوه‌ بۆ تیپه‌كه‌مان كردوومانه‌و له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی رووبه‌ڕووی بووینه‌وته‌وه‌ خۆشحاڵم به‌وه‌ی یاریزانان توانیویانه‌ ناسنامه‌ی یانه‌كه‌یان بپارێزین .