مووچەی خانەنشینانی ناوخۆ زیاد دەکرێت

 پڕۆژە یاسایەک بۆ ھەموارکردنەوەی مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ ئامادە کراوە و بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان  رایده‌گه‌ێنێت: دوای پەسەندکردنی، مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت.

حیکمەت محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەھۆی یاسای خانەنشینییەوە، ھێزەکانی ناوخۆ لە کاتی خانەنشینیدا مووچەیەکی زۆر کەمیان بۆ دەبڕێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتیی ھەر فەرمانبەر و کارمەندێکی ناوخۆ دیاری دەکرێت، ئەوەش وای کردووە زۆربەی ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆ لە دوای خانەنشینبوونیان مووچەیەکی کەم وەربگرن.

ده‌شڵێت: پڕۆژەیەک ئامادە کراوە و لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنیی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە، دوای پێداچوونەوە، پڕۆژەیاساکەی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە.

حیکمەت محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئامادە کراوە ڕەوشی ئابووری و داراییی ھێزەکانی ناوخۆ لەبەرچاو گیراوە و دوای خانەنشینکردنیان مووچەیەکی شایستەیان بۆ دیاری دەکرێت، نەک ئەو مووچە کەمەی ئێستا وەری دەگرن، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیە بێتە پەرلەمان و بتوانین بەپێی خزمەت و ئەرکی پیرۆزی ئەو ھێزانە مووچەیان بۆ دیاری بکەین.