فەرماندەیه‌كی سه‌ربازی عێراق ده‌ست به‌سه‌ركرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ فەرماندەی ناوچەی پێنجی رۆژئاوای عێراقی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و دوو فەرماندەی دیکەی ئەمنیی دەرکراوە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە، عوسمان غانمی بڕیاریداوە بە دەستبەسەرکردنی فەرماندەی ناوچەی پێنجی رۆژئاوای عێراقی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لیوا هەزاع محەمەد شممەری و فەرماندەی لیوای پێنجی پاسەوانی سنوور و فەرماندەی فەوجی سێی لیوای پێنجی پاسەوانی سنوور.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو فەرماندە سەربازییانە پابەندی ئەرکانیان نەبوونە لە ناوچەکانی ئەرکیاندا.

لەلای خۆیەوە ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سنوور لەنزیک دەروازەی سنووریی عەرعەر لەگەڵ سعوودیە لەنێوان هەردوو پارێزگای ئەنبار و موسەننا باشووری رۆژئاوای عێراق.

ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک بنکەکەیان چۆڵکرد و چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر سەرجەم چەک و پێداویستی ناو بنکەکەدا گرتووە، لەنێویاندا ئامێرەکانی پەیوەندی و ئۆتۆمبێل.

جێی ئاماژەیە، ئەو هێزە ئەمنییانەی عێراق کە ئەرکی پاراستی سنووری وشکانیان پێسپێردراوە، ناو بەناو رووبەڕووی پەلاماری تیرۆریستانی داعش دەبنەوە.

دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا یەکێکە لە گەورەترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە هێزەکانی عێراق رووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی درێژی هێڵی سنووریی و کەمی تواناکانی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.