سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆكی ڕووسیا كۆده‌بنه‌وه‌

ڕاوێژكاری كرملین دووپاتیكرده‌وه‌ به‌م نزیكانه‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا به‌هۆی سه‌پاندنی سزا له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ به‌سه‌ر مۆسكۆدا یۆری ئۆچاكۆڤ ڕاوێژكاری كرملین دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا و جۆ بایدنی هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی له‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو كۆ ده‌بنه‌وه‌.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ پووتین پێشنیازی سازكردنی دیدارێكی هه‌ردوو لایه‌نه‌ی كرد له‌ ده‌وڵه‌تێكی سێیه‌م به‌ مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نزمترین ئاست، لای خۆشییه‌وه‌ سه‌رۆكی رووسیا خۆشحاڵی خۆی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی.

ئه‌وه‌ له‌وكاته‌ی بڕیاره‌ بایدن له‌ ناوه‌ڕاستی حوزه‌یرانی داهاتوو یه‌كه‌م گه‌شتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و به‌ریتانیا و به‌لجیكا ساز بكات بۆ ئاماده‌بوون له‌ كاره‌كانی هه‌ردوو لووتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت و هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی و دیداری سه‌رانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌باره‌ی شوێنی پێشبینیكراو بۆ لووتكه‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ فنله‌ندا و نه‌مسا ئاماده‌یی خۆیان بۆ مێوانداریكردنی پێشان داوه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ گه‌یشته‌ ئاستێكی خراپ به‌هۆی پرسی ئۆكراین و چاره‌نووسی ئه‌لیكسی ناڤالنی به‌رهه‌ڵستكاری ڕووسی و تۆمه‌تباركردن به‌ سیخوڕی و ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هێرشی ئه‌لیكترۆنی ڕووسیا.