جێگری سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا كۆچی دوایی كرد

 واڵته‌ر مۆندێل، جێگری جیمی كارته‌ری سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا، له‌ ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مریكی، واڵته‌ر مۆندێل كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی جیمی كارته‌ر جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو له‌ ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

خێزانی واڵته‌ر مۆندێل له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ناوبراو له‌ ویلایه‌تی مینێسۆتا كۆچی دوایی كردووه‌، به‌ڵام هۆكاری كۆچی دواییكردنی باس نه‌كراوه‌.

واڵته‌ر مۆندێل كه‌ له‌ ساڵانی 1977- 1981 جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو، یه‌كێك بوو له‌ ناوه‌ دیاره‌كانی باڵی لیبراڵی پارتی دیموكرات.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 1984دا، واڵته‌ر مۆندێل له‌ به‌رامبه‌ر كاندیدی پارتی كۆماری، رۆناڵد ریگن دووچاری شكستێكی مێژوویی بوو و له‌ كۆی 50 ویلایه‌تی ئه‌مریكا له‌ 49 یان شكستی هێنا.