ئیسرائیل: له‌ كۆتاییدا ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وتووێژه‌كانی تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌ نێوان ئێران و وڵاتانی واژۆكه‌ری ئه‌و رێككه‌وتنه‌، ئیسرائیل له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری پێشهاته‌كانی ده‌كات.

به‌ پێی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئیسرائیل، له‌ كۆتایی دا ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش له‌ دانیشتنه‌كانی ڤیه‌ننا به‌رهه‌م دێت.

ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ئاكسیۆس له‌سه‌ر زاری دوو به‌رپرسی هه‌واڵگری ئیسرائیل گواستوویه‌ته‌وه‌، كه‌ دانیشتنه‌كانی تایبه‌ت به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌ ڤیه‌ننا ده‌گاته‌ ئه‌نجام و ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی دووهه‌زار و پازده‌.

پێشووتریش كه‌ناڵی سێزده‌ی ئیسرائیل له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی سوپای ئیسرائیل و یوسی كوهین به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری گواستبوویه‌وه‌، كه‌ به‌رپرسانی هه‌واڵگری كۆده‌بنه‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئایا پێویست ده‌كات هێرشی زیاتری ئه‌لیكترۆنی بكه‌نه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، یان جارێ دۆخه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌.

به‌ وته‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازی و هه‌واڵگری له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هیچ بڕیارێكی سیاسیی و سه‌ربازی و هه‌واڵگری ده‌رنه‌چووه‌ و جارێ چاوه‌ڕێ دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ هاویشتنی هه‌نگاوی داهاتوو.