وەزیری ناوخۆ روونکردنەوە لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ له‌ ڕۆژانی ره‌مه‌زان دەدات


وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ وەك خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 11 ى 4 ى 2021 ، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ   كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا  به‌رێوه‌ده‌چێت وڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ده‌خوێندرێته‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌وشی ئێستای هه‌رێم له‌سه‌رده‌می كۆڕۆنادا ، دواتر گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ بڕیارەكان دەكرێت.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: رێكارەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت لە ڕووی قەدەغەی هاتوچۆ و كردنەوە و داخستنی شوێنە پێویستەكانەوە،  گوتیشی ئەمڕۆ بڕیار دەدەین لەرەمەزاندا چ شوێنێک دەکرێتەوە و چ شوێنێک دادەخرێت تا لەگەڵ ڕەمەزان و پارشێو و مەراسیمە ئاینییەکان بگونجێن.
وه‌زیری ناوخۆ  له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان له‌مانگی ره‌مه‌زاندا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد:  لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمڕۆ ئەو پرسە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.