له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق كۆمسیۆنی باڵا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، راگه‌یاند.

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئه‌مڕۆ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه‌ و تیایدا هاتووه‌، وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانییە سیاسییەکان تا مانگی ئه‌یاره‌ و له‌ رۆژی حه‌ڤده‌ی نیسانی دوو هه‌زارو بیست و یه‌كیش دەرگای خۆتۆمارکردن کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، دادەخرێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رۆژی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و لە رووی یاساییەوە ناتوانرێ گۆڕانکاری بەسەر وادەی هەڵبژاردنەکەدا بهێندرێت.

پێشتر لەسەر داوای خۆپیشاندەران و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی شه‌شی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمسیۆن وادەکەی بۆ ده‌ی تشرینی یه‌كه‌می دوو هه‌زارو بیست و یه‌ك دواخست.